نوێترین

recent

19/07/2019

مەسرور بارزانى دەفرى سیاسەت بەسەر نێچیرڤان بارزانى قڵپ دەکاتەوە


وڵات _ چلانە قادر

مەسرور بارزانى لەدەقى ووتارێکدا لەواشنتۆن پۆستى ئەمریکى ستراتیژى حکومەتەکەى بۆ چەند ساڵى داهاتوو دەخاتەڕوو، ستراتیژەکەشى پێچەوانەى تەواوى ئەو ستراتیژەیە ١٦ ساڵە نێچیرڤان بارزانى بنیاتى ناوە کە پشت بەستنە بە تورکیا و دروکەوتنەوەى نەرمە لەعێراق و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا و ڕۆژئاوا، هاوکات مەسرور بارزانى وەکو دڵنیاکردنەوەى ئەمریکیەکان "ڕیفراندۆم بە دەنگدانێکى ناپاندکەر" وێنا دەکات و ئەو بڕیارە دەمرێنێت.



کات و شوێنى ووتارەکە بۆچى؟

تەنها ٤٨ کاتژمێر دواى کوشتنى جێگرى سەرقونسوڵى تورکیا لە هەولێر کە (ئەفسەرى میتى تورکى بوو)، مەسرور بارزانى ئەم پەیامەى بڵاوکردەوە کە پێشتر وڵات لە بنکۆڵکارییەکدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردبووە کوشتنەکە (نامەیەکى نهێنیە) بۆ مەسرور بارزانى، پێدەچێت ئەم نوسینەش وەڵامێکى ڕوونێت بۆ تورکیا و نێچیرڤان بارزانى کە چیتر ئەو مامەڵە و ستراتیژەى کراوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت، هاوکات مەسرور بارزانى بەچەندین شێوە داوا لەئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان دەکات لەبەرامبەر ئەم ئاڵنگارییانەدا بیپارڕێزن پاڵپشتى سەرخستنى سیاسەتەکەى بن، چونکە ئەو دەیەوێت کوردستان لەچورچێوەى ستراتیژى تورکیا دەربهێنێت بەئاڕاستەى ستراتیژى ئەوان بڕوات.

لەڕووى شوێنیشەوە، هەڵبژاردنى واشتن پۆست، کە بەناوبانگرترین ڕۆژنامەى ئەمریکیە، مەسرور بارزانى  لینکى لەگەڵ ڕۆژنامەکە هەیە بۆ ئەوەیە پەیامەکە بگاتە هەموو ناوەندە سیاسیەکانى ئەمریکا لە سەرۆکەوە تا وەکو ئەنجومەنە گرنگەکانى ئەمریکا لەوانەش (پیران و سینات)، ئەمەش وەکو نەریتێکى لێهاتووە سیاسیەکانى دەرەوەى ئەمریکا زۆرجار داواکارى و ڕوانگەى خۆیان لەم ڕێگەیەوە بۆ ناوەندە سیاسی و هەواڵگرییەکانى ئەمریکا ڕوندەکەنەوە دەیکەنە سوتەمەنى بۆ بەگەڕستنى ئەو لۆبیەى لەناوەندە سیاسیەکانى ئەمریکا هەیانە، هەروەکو جەمیل بایەک مانگى پێشوو هەمان کردارى مەسرور بارزانى ئەنجامدا بەووتارێک لە واشنتۆن پۆست ڕوانگەى پەکەکەى بۆ ئاشتى لەگەڵ تورکیا ڕونکردەوە.


وتارەکەى مەسرور بارزانى لە واشنتن پۆست




کۆد و پەیامە نهێنیەکانى پشت ووتارەکە چین؟

بەگشتى دوو ڕەهەندى قوڵ بەسەر ووتارەکەى مەسرور بارزانى زاڵە، یەکەم ئەوەیە کوردستان لەچوارچێوەى ستراتیژى تورکیا دەربهێنت و بیکاتەوە شەریکى ڕاستەقینەى عێراق وەکو ئەوەى لە پێش ساڵى ٢٠١٢ وە هەبووە، بۆ ئەمەش داواى پشتیوانى لە ئەمریکا و وڵاتانى خۆرئاوا دەکات، واتە گەڕاندنەوەى گێڕى سیاسیەت بۆ پێش حکومدارییەتى نێچیرڤان بارزانى، دووەم پشت بەستن بەعێراق و کوردستان نەوەکو تورکیا.

یەکەم: ووتارەکە ئاماژەیەکى بەهێزە بۆ گۆڕانکارى لە سیاسیەتى ناوخۆ و دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، واتە دورکەوتنەوە لەو سیاسەتەى نێچیرڤان بارزانى لەماوەى ١٦ ساڵى ڕابردوودا پەیڕەوى کرد، کاتێک ساڵى ٢٠٠٧ ووتى : "پلانى من نزیکبونەوەیە لەتورکیا و تورکیا و تورکیا"، هەموو ڕایەڵە گرنگەگانى لەگەڵ عێراق بچڕاند، لەناوخۆشدا کوردستانى بەهۆى نەوتەوە تۆشى سیاسەتى ئابورى "بەرخۆرى کرد".
دووەم: مەسرور بارزانى دان بەشکتى ڕیفراندۆمدا دەنێت، بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەوە بەئەمریکیەکان دەڵێت، ڕیفراندۆم کۆتایى هاتووە و لەلاى ئەویش، کە ئەوە خاڵێکى مەترسى بوو لەلاى ئەمرییەکان و عێراق ئەگەر مەسرور بارزانى بێتە حکومدار مامەڵەى لەگەڵ مەلەفى ڕیفراندۆم چۆن دەبێت، بۆیە ئەو لەڕێگەى خاڵێکى وتارەکەیەوە ناڕاستەوخۆ مەرگى ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنێت، بە بڕیارێکى "ناپایەندکەر" وەسفى دەکات.

"مەسرور بارزانى دڵنیایى دەدات بە ئەمریکیەکان مەلەفى ڕیفراندۆم لاى ئەو مردووە"

دووەم: ڕوو لەعێراق و پشت لەتورکیا، مەسرو بارزانى بەڕوونى خواستى عێراقى بوون ناشارێتەوە و باوەڕى وایە دواڕۆژى کوردستان پەیوەستە بەعێراقێکى سەقامێر و دیموکرات واتە "بوونى کوردستانێکى بەهێز لەچوارچێوەى عێراقدا"، وە زۆترین ڕووبەڕى ووتارەکەى بۆ ئەو پرسە تەرخانکردووە کە ئەوەش خواستى ئەمریکا و ڕۆژئاوایە، وە سیاسیەتى ئەوانیشە، هاوکات دواتریش بەناڕاستەوخۆ باس لەو سیاسەتە دەکات کە "بێدەنگى بوو بەرامبەر بۆردومانى سنورەکان لەلایەن تورکیاوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە"، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات "کە چیتر ئەو ناتوانێت بێدەنگ بێت".

 سێهەم: داواى هاوکارى و پاڵپشتى: مەسرور بارزانى بەڕوونى داواى هاوکارى و پاڵپشتى ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا دەکات، بۆ ئەوەى دووبارە هاوکارى بکەن لەسەرخستنى ئەم سیاسەتە، چونکە دەزانێت سیاسەتى ئەمجارە قبوڵکردنى بۆ تورکیا سەخت دەبێت ئەوەش واتاى ڕێگرى و کێچەڵپێکردن دێت لەلایەن تورکەکانەوە.




ئایا مەسرور بارزانى سەرکەوتوو دەبێت؟

ڕەنگە ووتارەکە، تەنها ماکیاژێکى سیاسى و مارکێتینى ڕوون بێت بۆ پیشاندانى سیاسەتى داهاتووى لەبەرامبەر ناوەندە سیاسى و نێودەوڵەتیەکان هەروەکو پێشتر نێچیرڤان بارزانى لەچەندین کەناڵەوە ئەمەى کردووە، بەڵام گریمان ڕاستیەک لەپشت ووتارەکەوە هەبوو چەندین لەمپەرى تاقەت پڕوکێن دێنە بەردەمى لەوانەش:
مەسرور بارزانى لەباسى چاکسازییەکاندا، پێش هەموو کەس دەبێت ئەو لەشکرە لە (گەندەڵ و بندیوار و بازرگانە هەڵتۆقیوە دووربخاتەوە لە کەرتى گشتى، کە سەرچاوەکەیان لە دەزگاى وەبەرهێنانى پارتی و ڕێکخستنەکانى پارتی) بووە ئەوەش واتاى داڕنینى پارتى لەبەرژەوەندیی ئەو چینانە دورخستنەوەیان لەپارتى کە ساڵانێکى زۆرە ئەمانە بەهۆى ئەو بەرژوەندییەى هەیانە شەڕ بۆ پارتى دەکەن، ئایا مەسرور بارزانى ئامادەیە ئەم شکستە ڕووبەڕوى حیزبەکەى بکاتەوە؟

یەکخستنەوەى هێزەکان: بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات کە لەوەزارەتى پێشمەرگەوە دەستى کەوتووە، نەپارتى و نە یەکێتى ئامادەنین هێزەکانیان ڕادەستى حکومەت بکەن، پاش ئەوەى هاوپەیمانیان لەوپەڕى ئامادەباشیدان و تەنانەت فشاریان کردووە بۆ یەکخستنەوەى ئەم هێزانە بەڵام یەک هەنگاوى کردارى نەنراوە بۆ یەکخستنەوەیان، ئایا مەسرور بارزانى چۆن ئەم هێزانە یەکدەخاتە؟

مەسرور بارزانى لەکاتى دەنگدان بە ڕیفراندۆم


دەستبەرداربوون لەتورکیا: گرنترین خاڵى چونەوە بۆ عێراق کێشەى نەوتە و ڕادەستکردنیەتى بە سۆمۆ، کە ئەمەش بۆ تورکیا واتاى زیانێکى دەیان ملیار دۆلارى و تێکدانى ستراتیژى ئەو وڵاتە لەڕووى وزەوە کە لەسەر هەرێمى کوردستانى بنیاتیناوە، جگە لەوەش قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ تورکیا خۆى لە ١٢ ملیار دۆلار دەدات واتاى ئەوەى ساڵانە تورکیا ٩٠% قازانجى ئەو پارەیەیى دەستدەکەوێت چونکە کوردستان هەناردەى نیە و هاوردەى زۆرە، بەهێزکردنى ئابورى کوردستان واتاى کەمکردنەوەى ئاستى هاوردە لەتورکیا، ئەمە جگە لەوەى هاوسۆزبوون لەگەڵ خەڵکى ناوچە سنورییەکان واتاى دژایەتى و تێکدانى ستراتیژی ئەمنى تورکیا، واتە مەسرور بارزانى لە سێ لاوە (ئەمنى، ئابورى، وزە) ستراتیژى تورکیا دوادەخات، ئایا تورکیا کە نێچیرڤان بارزانى دۆستى سەرۆکى هەرێمە، ئەمە لە مەسرور بارزانى بەئاسانى قبوڵ دەکات؟
ئەگەرى بەهێز ئەوەیە تورکیا لەڕووى ئابورى و تەنانەت سەربازى و هەواڵگرییەوە هەوڵبدات شکست بەم پلانەى مەسرورو بارزانى بهێنێت.



فەوزاکانى پشت پەیامەکە؟

پەیامەکەى مەسرور بارزانى وەکو ڕوخاندنى قەڵاکەى نێچیرڤان بارزانى و لەپەلوپۆخستنى وایە، بۆیە لەئێستاوە ململانێ نێوان نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى شتێکى حەتمیە و ڕوودەدات، بۆ ئەوەش تورکیا هەر هاوکارییەکى بوێت هاوکارى نێچیرڤان بارزانى دەکات تاوەکو شکست بەو سیاسەتەى مەسروربارزانى بهێنێت، هەروەکو سەرەتاى تەقینەوەى ململانێکان لە (هۆقەباز)ەوە دەستى پێکرد، ئەمەش سەرەتاى فەوزایەکى گەورە دەبێت لەناو هەولێر و پارتى و ڕەنگدانەوەى زۆرى دەبێت، جیاوازى نێوان مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى زیاتر دەردەخات.














Picsart-24-02-23-21-31-09-085