لەشاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ لەمەودوا ھەر ئۆتۆمبێلێک بۆ یەک كاتژمێر وهستان لەسەر شەقامەکان دەبێت بڕی 500 دینار بدات، ئەویش بەگوێرەی ئەو سیستمهی کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق شارەوانی کەلار جێبەجێی دەكات ھاوکات ئەم سیستمە نوێیەی شارەوانی کەلار ھەلی کاری بۆ 23 کەسیش رەخساندووه.
ئەگەرچی ئەم سیستمە نوێیە بووەتە ھۆکارێک بۆ پارەوەرگرتن لەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان پارکین دەکەن، بەڵام ھەندێك لە شۆفێران ئەو ھەنگاوەی شارەوانی کەلار بەباش دەزانن و پێیانوایە دەبێتە ھۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی رووداوی ھاتوچۆو پارێزراوی ئۆتۆمبێلەکان.
لەھەنگاوی یەکەم شارەوانی کەلار ھێڵکاری بۆ 300 ئۆتۆمبێل کردووە ئەم پڕۆژەیەی شارەوانی بۆ ھەرساڵێک بڕی 18 ملیۆن و 60 ھەزار دینار لەو ھاووڵاتییە وەردەگرێت کە پرۆژەکەی بە کرێ پێداوە جیا لەوەش 23 ھەلی کاریشی رەخساندووە و بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا ھێلکاری بۆ جێگای دووھەزار ئۆتۆمبێلی دیکە لەناو کەلاردا بکرێت.
