نوێترین

recent

18/04/2019

قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بەگەلاوێژی نەنكمەوە جوانە


جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشی گەورەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیە پەیوەندی بە تەرجەمکردنی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، دەشڵێت، "خوێندنەوەی دروستی ئەنجامەکان ئەوەی پێوتین هیچ لایەک ناتوانێت بەتەنها حوکمڕانی هەمو کوردستان بکات".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی رایگەیاند، "سلێمانی شایستەی چەندەها بۆنە و دیداری لەشێوەی  گەلاوێژە و دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین کە تا ئێستا وەک پێویستە لەمبارەیەوە مافی خۆی وەرنەگرتوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کوردستانی باشوردا سلێمانی لە چەندین روەوە پێشەنگ بوە، لانکەی یەکەم حکومڕانی کوردی یەکەم رۆژنامە، یەکەم راپەڕینی جەماوەری و یەکەم چاپخانە و یەکەم زانکۆ بوە، ئەمەش مایەی شانازیەکی گەورەیە بۆ ئەم شارە".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "یەکێک لە جوانیەکانی گەلاوێژ لە سلێمانیدا، جیاوازی رەنگاورەنگییە، کردنەوەی دەرگای رەخنە و بەخۆداچونەوەیە کە پێموایە دەبێت ئەو سیفەتانە لەکایەی کەلتور و رۆشنبیریەوە بگوازرێتەوە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، جیاواز و رەخنە چەندە گرنگە هێندەی بەکارهێنانی دروست و شێوازی مامەڵە لەگەڵکردنیان گرنگترە، دەبێت وریا بین جیاوازی پەلکێشمان نەکات بۆ پاشاگەردانی و هەرکەس بۆخۆی، رەخنە نەکەینە پاساوێک بۆ یەکتر شکاندن و بڵاوکردنەوەی رق و کین".
لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت قوباد تاڵەبانی وتی، "شەش مانگ و نیو هەڵبژاردن کراوە رەخنەی زۆر دەگیرێت لەدواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەم رەخنەیە کە لە دڵسۆزییەوەیە لە جێی خۆیەتی، بەڵام هەندێک وردەکاری هەن شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنن".
رونیشیکردەوە، "دۆخی سیاسی ئێمە روبەڕوی دو راستی بوەوە، کە یەکێکیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە دوەمیشیان پێگە و کاریگەری و تایبەتمەندی هێزە براوەکانە، لەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندیانە هیچ بەمانای سفرکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نایەت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەشی گەورەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیە پەیوەندی بە تەرجەمکردنی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، چونکە خوێندنەوەی دروستی ئەنجامەکان ئەوەی پێوتین هیچ لایەک ناتوانێت بەتەنها حوکمڕانی هەمو کوردستان بکات".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش وت، "کورد پەندێکی جوانی هەیە دەڵێت، دروبڕ دروست بڕۆ، وردکردنەوەی شەراکەت و هاوبەشی لە بڕیاری حوکمڕانی هەر لەو رەهەندەوەیە، لە پێناوی ئەوەیە بنەمایەکی بەهێز بۆ کابینەی داهاتو دابڕێژرێت، کە قابیلی تەواوکردنی وادەی تەمەنی دیاریکراوی خۆی بێت، لە پێناو گەیشتن بەو دڵنیاییەش ئێمە پەلە نین لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایە، کە دواتر بەریەککەوتنی بەدوادا بێت و توشی گرژی و قەیرانەکانی رابردومان بکاتەوە".

تاڵەبانی زیاتر وتیشی، "زۆر پەلەین لەبەرنامە دانان بۆ حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو، دەبێت لەوە تێبگەین تا زوو بگەینە رێککەوتن باشترە، چونکە کێشەی زۆر گەورەمان لە پێشەوەیە، کاتمان ئەوەندە نیە تا لە ناکۆکیدا بەفیڕۆی بدەین، جگە لە رێککەوتن و پێکەوە کارکردن هیچ بژاردەیەکی ترەمان نیە".


Picsart-24-02-23-21-31-09-085