قایمقامیەتى قەزاى دوکان ڕایگەیاند، سبەینێ شەقامى گشتیی گەشتیارى "سارتکە" بە داخراوى دەمێنێتەوە.
قایمقامیەتى دوکان لە ئاگادارییەکیدا بۆ گەشتیاران ئاماژەى بەوە کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دوكان پێی ڕاگەیاندوون، پێچەوانەی هەفتەی پێشوو ئەم هەفتەیە هیچ بڕیارێك نییە بۆ كەمكردنەوەی بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەكەوە.
ڕونیشیکردەوە، ئاستی ئاوی زێی بچووک هیچ دابەزینێك بەخۆیەوە نابینێت و شەقامی گشتیی گەشتیاری (سارتكە) بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەى ڕابردووش قائیمقامیەتی دوکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری ھاوڵاتییان و شۆفێران و خاوەن کەپر و پڕۆژە گەشتیارییەکانی كردووهتهوه، بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەکەوە دەگاتەوە ھەمان ئاست و بڕی پێشوو، کە ھەزار مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا و بەو ھۆیەشەوە ناچارن ئەو شەقامە دابخەن.
ڕاشیگەیاندووە، کەمکردنەوەی بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان بە شێوەیەکی کاتییە و تەنیا بۆ نەھێشتنی ئاستەنگی ھاتوچۆ و نەخنکانی شەقامەکانە، بەتایبەت لە ڕۆژانی ھەینی و شەممەدا، کە پشوون و گەشتیارێکی زۆر ڕوودەکەنە سنورەکەیان.
بەھۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و، ئێوارەی ڕۆژی (٢ی نیسانی ٢٠١٩)ش ئاوی بەنداوەکە لە سپیڵ وەی سەرڕێژ بوو.
