کەناڵی فەڕمی ئێران بڵاویکردەوە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی جەنەڕاڵ حسێن سەلامی لە جێگەی محەمەد عەلی جەعفەری وەکو سەرکردەی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران دیاریکردووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمەریکا ئەو هێزە سەربازییەی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساند.
جێی ئاماژەیە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە بەرنامە ناوەکی و موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران، وە تاران هۆشیاریداوە لەوەی موشەکی هەیە کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر، بەم مەودایەش موشەکەکانی دەتوانن بگەنە ئیسڕائیل و بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری سەلامییەوە بڵاویان کردەوە " ڕایدەگەیەنین ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێک بنێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێمە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی."
ئیسڕائیل دەڵێت بەرنامە ناوەکی و موشەکییە باڵیستیکیەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئێرانیش دەڵێت چالاکییە ناوەکییەکانی تەنها بۆ هۆکاری ئاشتیە.
