
لەسلێمانی جۆرێکی نوێی گەنم بەرھەم ھات مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانیش زانیارییەکانی ئاشکرادەکات.
پاش شەش ساڵ کارکردنی بێوچان لە بەغدا و ١٠ ساڵیش لە سلێمانی، بەرھەمە ناوازەکەی د. عیماد مەحمود غالیب، مامۆستای کۆلێجی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی، چاوی بە دنیا ھەڵھێنا.
ئەو بەرھەمە نوێیە ناوی "رێزان"ی لێنراوە، کە تەرزێکی نوێی گەنمە. و لەلێکدانی شەیلەم و گەنم بەرھەم ھاتوە.
لە کێڵگەکانی کۆلێجی زانستە کشتوکاڵییەکاندا، کە دەکەونە ناوچەی عەواڵەوە لە باشوری خۆرئاوای سلێمانی، نزیکەی پێنج دۆنم زەوی بۆ ئەم بەرھەمە نوێیە تەرخانکراوە، کە د. عیماد مەحمود سەرپەرشتی دەکات.
لەو پێنج دۆنمە، ھەر دۆنمێک بەرھەمەکەی زیاتر لە یەک تۆن دەبێت. واتە بەکۆی گشتی بەرھەمی ئەمساڵی "رێزان" نزیکەی شەش بۆ حەوت تۆن دەبێت.
"رێزان" کە د. عیماد بە "ئامۆزای گەنم" ناوی دەبات، دوو سوودی "زۆر گرنگ"ی ھەیە جیاواز لە تەرزەکانی دیکە. سوودی یەکەمیان ئەوەیە کە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ گەنمی ئاساییدا و جۆرێکی "زۆر" باشی ئارد بەرھەمدەھێنێت، دووەمیشیان وەک عەلەف دەدرێتە ئاژەڵ، بەڵام عەلەفێکی جیاوازی پڕ لە پرۆتین. بەوتەی د. عیماد پرۆتینی "رێزان" زۆر بەرزە بەڕادەیەک ١٨%ی گەنمەکە پێکدەھێنێت.
د. عیماد مەحمود بەمشێوەیە وەسفی دەکات "ئەم تەرزە نوێیە بەرگری و مقاوەمەتێکی زۆر زۆری بۆ نەخۆشییە رووەکییەکان ھەیە.. بەڕادەیەکی زۆر بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت، لەمڕووەوە بۆ ھەرێمی کوردستان سوودێکی زۆر گەورەی دەبێت.. جگە لەوانەیش بەرھەمەکەی زۆر زیاترە لە گەنمەکانی دیکە، ھەروەھا جۆرێکی بەسوودی (کا)ی ھەیە جیاواز لەوانی دیکە".
سەرچاوە: راگەیاندنی کۆلێجی زانستە کشتوکاڵییەکان
