

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری یەكێتی ئاشكرای دەكات كە یەكێتی بەشێوەیەكی فەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە، دەشڵێت: ئەگەر ئەو پشكانەی داوایان كردووە، وەرینەگرن قسەی دیكەیان دەبێت.
عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی خەندان رایگەیاندوە: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەتا ئێستا هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەكی رەسمی نەكردوە بۆ دیارییكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كە بەركەوتەی یەكێتین.
لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، عەدنان مینا كە هاوكات ئەندامی شاندی دانوستانكاری یەكێتیە بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئاشكرایكرد، "یەكێتی بەرەسمی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە، بۆیە ئەگەر جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی هەرێم زیادبكرێت یاخود نا ئەوە پەیوەندیی بە پارتیەوە هەیە".
عەدنانی حەمەی مینا راشیگەیاند:" یەكێتی بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی پارتی كردوە، داوای هەمو ئەو پۆستانەی كردوە كە بەبەركەوتەی خۆی دەزانێت و ئەگەر ئەو پشكانەی وەرگرت بەشداری حكومەت دەكات و ئەگەر وەرینەگرت ئەو كاتە قسەی دیكەمان دەبێت".
لەبارەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتی:"ئەو تەلەفۆنەی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، هۆكار بو بۆ ئەوەی هەنگاوێكی دیكە بچینە پێشەوە، ئەگەر لەگەڵ پارتی رێك بكەوین پێدەچێت لەم رۆژانە دابنیشین و واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە بكەین و بۆ رای گشتی رابگەیەنین".