جارێکی تر بەڕێوەبەری کارەکانی ئیکاردی مانەوەى هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکەى لە یانەى ئینتەرمیلان دوپاتکردەوە.
پاش لێسەندنەوەى شارەى کاپتنی لە ئیکاردی و ئاڵۆزبونی کێشەکانی لەگەڵ ئیدارەى ئینتەرمیلان ، لەماوەى رابردودا دەنگۆی ئەوە دروستبوو هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکە لە ئینتەر دەروات.
بەڵام واندا نارا خێزانی ئیکاردی کە لەهەمان کاتدا بەڕێوەبەری کارەکانیشیەتی دوپاتیکردەوە کە هەواڵی رۆیشتنی مێردەکەى دورە لە راستییەوە.
وتیشی: بە دڵنیاییەوە ساڵی داهاتوش ئیکاردی لە یانەى ئینتەرمیلان درێژە بە یاریگردن دەدات و دڵخۆشین لە شاری میلانۆ.
خێزانەکەى ئیکاردی ئاماژەى بەوەشدا کە منداڵەکانیان لەقوتابخانەکانی میلانۆ ناونوسکردوە کە ئەوە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەى بمێننەوە لە شاری میلانۆ.
ئیکاردی بەهۆی کێشەى لەگەڵ سپالێتی راهێنەر و ئیدارەى ئینتەرمیلان چەند یارییەک لەسەر کورسی یەدەگ دانرا کە ئەوەش زیاتر واى لە راگەیاندنەکان کرد پێشبینی رۆیشتنی بکەن.
