نوێترین

recent

30/03/2019

نهينيه‌كانى پشت سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک ئاشكرا ده‌بيت..


دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق(CMC) روونکردنەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ھۆکاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک-ەوە بڵاودەکاتەوەو وتەبێژی دەستەکەش رایدەگەیەنێت، لەمەودوا کۆمپانیاکان ناتوانن خاوەندارێتی ژمارەکان بگوازنەوە سەر کەسێکی دیکە و داتا تایبەتەکانی بەکارھێنەران بکەوێتە مەترسییەوە.

حسێن زاملی بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق (CMC)، بەSNNی راگەیاند: ھۆکاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئامادە نەبوو بڕگەی تایبەت بە پاراستنی ژمارەکان واژۆ بکات.

لەبارەی وردەکاریی ئەو بڕگەیەوە، بەرپرسەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق وتی:"لە گرێبەستی تایبەت بە مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکان بڕگەیەک ھەیە بەناوی (پاراستنی ژمارەکان) کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە پاراستنی داتای  تایبەت بە بەکارھێنەرانی ھێڵەکان".

روونکردنەوەی زیاتری داو وتی:"کاتێک کەسێکی دیاریکراو ژمارەی ھێڵێکی پەیوەندیکردن لەعیراق دەکڕێت(ئاسیا، کۆڕەک و زەین)، ھەموو داتاکانی تایبەت بەخۆی لەسەر ئەو ژمارەیە دەبێت و ھەر لەسەر ئەو ژمارەیەش پەیوەندییەکانی تایبەت بە سۆشیال میدیا وەکو(فەیسبوک، واتس ئەپ و ڤایبەر) ئەنجام دەدات، بۆیە ناکرێت بەھیچ شێوەیەک خاوەندارێتیی ئەو ژمارەیە بگوازرێتەوە سەر کەسێکی دیکە، چونکە پێشتر ئەگەر کەسێک بۆماوەی شەش مانگ ھێڵەکەی کارا نەکردایەتەوە، ئەوە راستەوخۆ ژمارەکەی بە کەسێکی دیکە دەفرۆشرا".

ئاشکراشیکرد، ئەو بڕیارەی دەستەکە لە بەرژەوەندی بەکارھێنەرانی ھێڵەکانی پەیوەندیکردنە لەعیراق، چونکە داتا تایبەتەکانیان پارێزاو دەبێت.

حسێن زاملی روونیشکردەوە، کۆمپانیای کوڕەک ئامادە نەبوو واژۆی جێبەجێکردنی ئەو بەندە بکات، بۆیە سزا درا، ئەگەر ھەر نەھاتە ژێرباری واژۆکردنی ئەو بڕگەیە، ئەوە رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085