
بڕیارە سبەینێ جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان شێوازی بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمى حكومەت و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان و دیاریکردنى کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستانە تاوتوێ بکات.
جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، "بڕیارە سبەینێ یەكشەممە هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی كۆببنەوە و كۆبونەوەكەش تایبەت دەبێت بە هەنگاوەكانی داهاتووی بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، جڤاتی گشتی پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە كۆببێتەوە.
سەبارەت بە چۆنیەتى دیاریکردنى کاندیدى پۆستەکانیش ئەو بەرپرسە باڵایەى گۆڕان ئەوەی بۆ میدیایەکی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکراکردووە، لە كۆبونەوەی جڤاتدا میكانزیمی دانانی پێوەرەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و وەرگرتنی كاندیدەكان یەكلایی دەكرێنەوە.
18ى مانگى رابردوو بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر پێکهێنانى حکومەت رێککەوتنێکیان واژۆکرد و تا ئێستاش کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامیی هەیە.