نوێترین

recent

19/03/2019

نادیە موراد دەیەوێت شێوازی ژیانی بگۆڕێت

نادیە موراد ئەو کجە ئێزدیەی کە لە چنگ گروپی چەکدارانی داعش هەڵات یەكەم كەس بوو كە وەك شایەتحاڵ پەردەی لەسەر مەینەتی ئافرەتە كوردە ئێزدییەكانی ژێر دەستی داعش لادا، هەر بۆیەش ناو و رووخساری بووە سیمبولی نەهامەتییەكانی ئافرەتانی كوردی ئێزدی.

نادیە  ، كە هەموو جارێكی گێرانەوەی نەهامەتییەکانی   كولاندنەوەی برینە دەرونی و جەستەییەکانییەتی  و برینانە دواجار خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ناوبانگێكی جیهانیان پێ بەخشی، بەڵام هەر ئەو ناوبانگەش ژیانی لێ تاڵ كردووە. لە راپۆرتێکی رۆژنامەی (ساندەی تایمز)ی بەریتانی، نادیە موراد باسی بێزاری خۆی لە كۆبوونەوەكان دەكات و ئاواتی ژیانێكی ئاسایی دەخوازێ‌.

نادیە بە رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ "من تەنیا ژیانێكی ئاساییم دەوێ. دەمەوێ هاوسەرگیری بكەم، منداڵم هەبێ، وەك كچێك بناسرێم كە لە ئارایشت یان بەرگدوورین یان جووتیاری باشە، نەك قوربانییەك. كاتێك لە ساڵی 2015 قسەم كرد، ئامانج ئەوە بوو بەناوی كۆمەڵگای ئێزدییەوە پەیامێك بگەیەنرێ، بۆ ئەوەی جیهان بزانێ چیمان بەسەر هات و لەبیر نەكرێین، بەڵام راستیت دەوێ ئامانجم ئەوە نەبوو بۆ هەتاهەتایە لەسەر ئەمە بەردەوام بین".

ئێستا مشتومڕێكی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوایی لەبارەی وەرگرتنەوەی هاوژین و منداڵی چەكدارانی داعش هەیە، نادیە كە 18 كەس لە كەسوكارە نزیكەكانی كوژراون، رفێنراون و بەكۆیلەكراون، بەم دیبەیتە تووڕەیە و پێیوایە "تاوانكاران خراونەتە پێش قوربانیان، چونكە ئێستا سەرنجێكی زۆر خراوەتەوە سەر خواستی چەند تیرۆریستێك، كە دەیانەوێ تاوانەكانی خۆیان لە بیر بكەن و لە وڵاتانی رۆژئاوایی بژین، نەك ئەوەی راپۆرت لەسەر 50 ئافرەتی سەربڕاوی ئێزدی بكرێ‌".

رۆژی هەینی رابردوو یەكێك لە 11 گۆڕە بە كۆمەڵەكەی گوندی كۆچۆ هەڵدرایەوە. نادیا لە مەراسیمەكە بەشداربوو، بەڵام بەپێچەوانەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بۆسنە و رواندا هیچ دادگاییەكی نێودەوڵەتی بۆ بكەرانی تاوانەكە نییە. نادیە سەری سوڕماوە و دەڵێ "دەیان ئافرەتی ئێزدی وەك شایەتحاڵ هاتوونەتە دەنگ، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ یەك تاكە ئەندامی داعشمان نەبینی لە دادگاكان بەهۆی تاوانی دژی ئافرەتانی ئێزدیی دادگایی بكرێ".

لەدوای بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ، نادیە چاوەڕێی خوانی شەوانەی نەكرد و لەگەڵ عابد شەمدینی دەزگیرانی گەڕانەوە بۆ عێراق. نادیە دەڵێ: "ویستم یەكسەر شوێنەكە جێبهێڵم بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدەم، كە بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ كۆتایی كێشەكە نییە، چونكە كێشەی ئێزدییەكان چارەسەر نەكراوە".

نادیە بە ژیانی ئێستای دڵخۆش نییە و دەڵێ "ئەمە ژیانێك نییە من هەڵمبژاردبێ، تەنانەت بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ و دیدار لەگەڵ سەركردەكانی جیهان و خەڵكە بەناوبانگەكانیش، ئەمە ژیانێك نییە كە من ویستبێتم. چونكە ئەمە شتێكی خۆش نییە، من تەنیا ژیانێكی ئاساییم دەوێ و بەس. ئەگەر یەك سەعاتی ئازادم دەستبكەوێ دڵخۆش دەبم، حەزم لە پیاسەیە، حەزم لە چێشتلێنانە"، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە هەتا داعشەكان لە دادگا نەبینێ ناتوانێ واز بهێنێ.

عابد، كە کوردی ئێزدییە و قوتابی ماستەرە لە زانكۆیەكی واشنتن، لە مەینەتی دەزگیرانەكەی تێدەگات. نادیە پێیگوتووە ئەوان ناتوانن هاوسەرگیری بكەن هەتا شنگال ئاوەدان نەكرێتەوە، چونكە دەبێ ئاهەنگەكەیان لەوێ بێ. عابد لەباری سەر شانی نادیە نیگەرانە و دەڵێ: "دەزانم ماندوو بووە، دۆخێكی ناخۆشە كە بەردەوام هەمان شت دووبارە بكاتەوە، هەموو كەسێك دەیەوێ لەبارەی بەسەرهاتی ئەوەوە بنووسێ، ئەویش دەیگێڕێتەوە، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی راستەقینەی هەبێ".

نادیە بۆ لۆبیكردن لە لەندەنە و دەیەوێ قەناعەت بە جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بهێنێ هەندێك لەو ئافرەتانە وەربگرێ كە منداڵیان لە چەكدارانی داعش بووە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگای ئێزدی كەسێك لەخۆناگرێ كە ئێزدییەكی تەواو نەبێ. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (تایمز)، بەریتانیا داواكەی رەتكردووەتەوە. عابدیش راشكاوانە لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی بەریتانیاوە دەڵێ: "ببوورە (كە ئەوە دەڵێم)، من هەمان شتم بە ئەمریكییەكانیش گوتووە، خەجاڵەت بن".




Picsart-24-02-23-21-31-09-085