نوێترین

recent

16/03/2019

هه‌مووشتێك ده‌ربارى هێرشكاره‌كه‌ى نیوزله‌ندا

یەکەم نوێژخوێنی نێو مزگەوتی نوور لە نیوزلەند کە هێرشکارەکە دەبینێت بە "سڵاو براکەم" پێشوازی لێدەکات. بەڵام هێرشکارەکە ئەو کەسە و نزیکەی 100 نوێژخوێنی دیکەش لە هەمان مزگەوتدا دەداتە بەر دەستڕێژی گوللە و 41 کەسیان گیانلەدەستدەدەن.

برێنتۆن تارانت-ی تەمەن 28 ساڵ دوای پلاندانان و خۆئامادەکردنی تەواو، چرکەساتی هێرشەکەشی بۆ سەر مزگەوتی نوور لە نیوزلەند لە فەیسبووک بە راستەوخۆ دەگوازێتەوە. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکە پێیدەڵێت "سڵاو براکەم".
هەڵوێستی ئەو نوێژخوێنە لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیاڵمیدیاوە بەرزدەنرخێنرێت، لەکاتێکدا کە رووبەڕووی کوشتن بووەتەوە، بەڵام هێشتاش بەشێوازێکی جوان هەڵسوکەوت دەکات.

لە ڤیدیۆ 17 خولەکییەکەدا دەردەکەوێت برێنتۆن تارانت لە مزگەوتەکەدا دەستڕێژی گوللە دەکات و هەر کەس ببینێت دەیکوژێت، کە بەشێکیان ژن و منداڵن.

هەمان رۆژ هەر لەکاتی نوێژی هەینیدا هەشت کەسی دیکەش لە مزگەوتی لینوود بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە کوژران. 

لە ئەنجامی هەر دوو هێرشەکەدا 50 کەس گیانیان لەدەستدا. 39 کەسیش بریندارن، لەنێویاندا منداڵێکی کوڕی تەمەن دوو ساڵ و کچێکی تەمەن چوار ساڵ هەیە، کە برینەکانیان سەختە.

سەرۆکوەزیرانی نیوزلەند و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و زۆرینەی وڵاتانی دیکەش هێرشەکەیان بە "تیرۆریستی و دڕندانە" ناوبرد و بەتووندی ئیدانەیان کرد.

جگە لە برێنتۆن تارانت کە تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکەیە، سێ کەسی دیکەش دەستگیرکراون و یەکێکیان ئافرەتە.

ئەمڕۆ (شەممە 16-3-2019) برێنتۆن تارانت برایە بەردەم دادوەر لە دادگا. تارانت تۆمەتی کوشتنی زیاتر لە 40 کەسی ئاراستە کراوە.
تارانت بە جلوبەرگێکی سپییەوە کە هی بەندیخانەکانە لە دادگا ئامادەبوو، هەردوو دەستی لە پێشەوە بەسترابوون. لە کاتی ئاراستەکردنی تۆمەتەکان لەلایەن دادوەرەوە، هیچ کاردانەوەیەکی نیشاننەدا. 
بڕیارە رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دانیشتنێکی دیکەی دادگا تایبەت بەو هێرشە خوێناوییە بەڕێوەبچێت. 
دڕندەیی هێرشەکە جیهانی تووشی شۆک کرد. یەکێک لەو بابەتانەی راستەوخۆ لەدوای هێرشەکەوە وروژێندرا مەترسییەکانی گرووپە راستڕەوە تووندڕەوە  سپیپێستەکان بوو؛ کە دژی موسڵمانان و کۆچبەرانن، باوەڕیان بە سەروەریی سپیپێستەکان بە سەر ئەوانی دیکەدا هەیە.
بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو کەسانە لایەنگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان، بۆیە هێرشەکە ترەمپی رووبەڕووی پرسیاری جیاواز کردەوە. ترەمپ هێرشەکەی ئیدانە کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەمڕۆ راستڕەوە سپیپێستەکان خەریکە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر جیهان؟ ترەمپ گوتی "نەخێر، من پێموایە ئەوە گرووپێکی بچووکە لە خەڵک کە کێشەی زۆر زۆر جدییان هەیە".

رۆژێک دوای هێرشەکە خەڵک بە جیاوازی ئایین و رەگەزیانەوە سەردانی گوڵیان لە شوێنی رووداوەکە دانا و بەشێکیشیان پەیامیان بۆ قوربانییەکان و کۆچبەران نووسی.

کەسێک نووسیوویەتی "من زۆر داوای لێبووردن دەکەم کە ئێوە لێرە سەلامەت نەبوون. دڵەکانمان بۆ لەدەستدانی ئێوە هەژاون".
ئیبراهیم عەبدولحەلیم، گوتاربێژی مزگەوتی لینوود کە لەکاتی هێرشەکەدا لە مزگەوتەکەدا بووە، دەڵێت "بەڕاستی رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو، نەک تەنیا بۆ ئێمە بەڵکو بۆ هەموو نیوزلەند. بەڵام هێشتاش ئەم وڵاتەمان خۆشدەوێت".

ژمارەی دانیشتووانی نیوزلەند نزیکەی پێنج ملیۆن کەس دەبێت، لەوەش تەنیا لە 1.2%ـی موسڵمانن. 

جاسیند ئەردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەند وەک هاوخەمی بۆ موسڵمانانی وڵاتەکەی ئەمڕۆ لەچکی لەسەر کرد و لەگەڵ رزگاربووان و کەسوکاری قوربانییەکان کۆبووەوە و گوتی "من لەگەڵ ئێوەم". 

قوربانییەکان خەڵکی وڵاتانی بەنگلادیش، ئەندەنووسیا، مالیزیا، تورکیا، سعودیە، فەڵەستین، ئوردن و میسرن، کە بۆ نوێژی هەینی چووبوونە مزگەوت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085