نوێترین

recent

09/03/2019

لە‌کە‌رکوک پیاو هە‌یە‌ لە‌ماوە‌ی 3 مانگدا 3 ژنی هێناوە‌، هە‌ر ژنێک بە‌ 100 هە‌زار دینار



بە‌رپرسی لقی کە‌رکوکی رێکخراوی هیوای عێراقی، رایگەیاند، لە‌کە‌رکوک پیاو هە‌یە‌ لە‌ماوە‌ی 3 مانگدا 3 ژنی هێناوە‌، هە‌ر ژنێک بە‌ 100 هە‌زار دینار دەشڵێت، حاڵە‌تە‌کانی جیابوونە‌وە‌ و ناپاکی هاوسە‌رێتی و هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی خێزان لە‌کە‌رکوک لە‌ هە‌ڵکشاندایە‌، بە‌ پێویستیشی دە‌زانێت حکومە‌ت پلان بۆ ڕێگەگرتن لەم ئە‌م حاڵە‌تانە‌ دابنێت.
 
 
سرود ئە‌حمە‌د، بە‌رپرسی لقی کە‌رکوکی رێکخراوی هیوای عێراقی بە دە‌نگی ئە‌مە‌ریکای راگەیاندووە، "باش بوونی بارودۆخی نێو خێزان پە‌یوە‌ستە‌ بە‌ دۆخی سیاسی و ئابوری و ئە‌منی وڵاتە‌وە‌."
 
وتیشی"گە‌ر شە‌قام توندوتیژ بێت، توندوتیژیە‌کان بۆ نێو خێزانیش دە‌گوێزرێتە‌وە‌."
 
 
ئاشکرایکرد ساڵی رابردوو 1200 حاڵە‌تی توندوتیژیان تۆمار کردووە‌، توندو تیژیە‌کان خۆیان لە‌ توندوتیژی جە‌ستە‌یی و دە‌روونی، هێنانی ژنی دووهە‌م و ناپاکی هاوسە‌رێتی و چە‌ندین جۆر توندوتیژی تردا دە‌بینێتە‌وە‌، وتی"پیاو هە‌یە‌ دوو سێ گێڵ فرێندی هە‌یە‌، پیاو هە‌یە‌ ژنی دووهە‌م دەهێنێ و خە‌رجی ژنی یە‌کە‌م ناکات،پیاویش هەیە‌ دوو سێ ژنی ‌هێناوە‌ و ژنی یە‌کە‌م پێی نە‌زانیووە‌."
 
باسی لەوەشكردوە"پیاو هەیە لە‌ پێش چاوی ژنە‌کە‌ی قسە‌ لە‌گە‌ڵ ژنی تر دە‌کات، ژنە‌کە‌ هاندە‌دات تا بڕوات ئە‌ویش خیانە‌ت بکات، بۆیە‌ چە‌ندین ژن هەیە چووە‌ بە‌دانانی عیلاقە‌ لە‌گە‌ڵ پیاوی تر، تۆڵە‌ی لە‌ هاوسە‌رە‌کە‌ی کردۆتە‌وە‌."
 
بە‌رپرسی رێکخراوی هیوای عێراقی، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شکرد ژنی دووهەم لە‌دە‌رە‌وە‌ی دادگاکان و لە‌لایە‌ن مە‌لاوە‌ مارە‌ دە‌بردرێن، ئە‌وانە‌ی ژنی دووهە‌م دەهێنن ئامانجیان پێکهێنانی خێزان نیە‌ بە‌ڵکو بۆ پڕکردنە‌وە‌ی حە‌زو ئارە‌زویە‌کی کاتییە‌، وە‌ک ئە‌و دە‌ڵێت"کابرایە‌ک هەبوو لە‌ماوە‌ی سێ مانگدا ، سێ ژنی هێناوە‌، ئە‌م دیاردانە‌ خە‌ریکە‌ زۆر دە‌بن، لە‌کاتێکدا جاران شتی وا لە‌کە‌رکوک نە‌بووە‌."
 
دەشڵێت "پیاو هاتۆتە‌ لامان، وتویە‌تی هاورێکانم هانم دە‌دە‌ن بۆ هێنانی ژنی دووهەم، وتویانە‌ ژنێک بە‌ 100 هە‌زار دینارە‌، یانی مە‌عقولە‌ شتی وا !"
 
سە‌بارە‌ت بە‌ حاڵە‌تە‌کانی هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ و جیابوونە‌وە‌ی خێزان، سرود ئە‌حمە‌د وتی"هە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی خێزان لە‌ زیاد بووندایە‌، کوڕو کچ مناڵن و ژیانی هاوسە‌رێتی پێکدە‌هێنن، یاخود کوڕە‌کە‌ خیانە‌ت دە‌کات و ژنە‌کە‌ داوای جیابوونە‌وە‌ دە‌کات، جۆرها حاڵە‌ت هە‌یە‌."
 
هە‌ڵکشانی حاڵە‌تە‌کانی توندوتیژی خێزانی لە‌کە‌رکوک، لە‌کاتێکدایە‌ تا پێش 16 ی ئۆکتۆبە‌ری ساڵی 2017 رێکخراوە‌کانی ژنان لە‌و شارە‌ چالاکی زیاتریان هە‌بوو ، بە‌ڵام لە‌ ئێستادا هێزە‌ ئە‌منیە‌کان چالاکیە‌کانیانی سنوردار کردووە‌.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085