رێككەوتنی رووسیا و سعودیە و لە بواری نەوتدا ئێرانی نیگەران كردووە، بە تایبەتیش پاش هەوڵەكانی ئەمدواییەی ریاز بۆ دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێ كە چاودێری بازاڕەكانی نەوت بكات و لە كاتی پێویستدا هەوڵی رێكخستنی نرخەكان بدات، دامەزراوەكە لەسەر بناغەی ئەو رێككەوتنە دەبێ كە زیاتر لە دوو ساڵە ئۆپێك و 10 وڵاتی دەرەوەی ئۆپێك لەسەری دەڕۆن.
هەفتەی رابردوو ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعزیز، پاشای سعودیە كرد. بەپێی راپۆرتی كریملین "سەركردەی هەردوو وڵات ستایشی ئاستی باڵای هاوكارییەكانیان كرد، بە تایبەتیش ئەو هاوكارییانەی لە بوارەكانی بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێناندا هەن، لە كاتێكدا هەردوو وڵاتیش جەختیان لە بەردەوامی هاوكارییەكانیان لە بارەی دۆخی بازاڕە جیهانییەكانی هایدرۆكاربۆن كردەوە".
بەگوێرەی راپۆرتێكی سەرەتای ئەم مانگەی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكی، سعودیە دەیەوێ لەگەڵ 10 وڵاتە هاوپەیمانەكەی دەرەوەی ئۆپێك كە رووسیا سەركردایەتییان دەكات هاوبەشییەكی فەرمی دروستبكات. بەرپرسانی ئۆپێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئێران و ژمارەیەك وڵاتی دیكە داوایان كردووە هاوبەشییەكە سنووردار بێ. پێكهێنانی هاوبەشییەكی فەرمی لە قازانجی نرخەكانی نەوتە، بەڵام ئێران نیگەرانە لەوەی ریاز و مۆسكۆ بەرژەوەندی ئەندامانی دیكەی ئۆپێك پشتگوێ بخەن.
ئێران و سعودیە نوێنەرایەتی دوو بەرەی سیاسی دژبەیەك دەكەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) تاران و ریاز لە ناو ئۆپێكیش بەرگری لە دوو سیاسەتی جیاواز دەكەن. لە كۆتایی هەشتاكان هەتا ناوەڕاستی دەیەی پێشوو. سعودیەكان پشتگیرییان لەو سیاسەتە دەكرد كە ئۆپێك دەبێ ئاگای لە پشكەكانی خۆی بێ، بۆیەش بە باشی دەزانێ ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بێ و نرخەكانی نەوتیش لە ئاستێك بێ كڕیارەكانی تووشی كێشە نەكات. ئێران بە پێچەوانەوە پشتگیری لە بەرهەمهێنانی كەم و نرخی بەرز دەكرد.
ژێرخانی نەوتی ئێران كۆنە و لەچاو ژێرخانی نەوتی سعودیە دواكەوتووە. سزاكانی ئەمریكاش ئاستی هەناردەی ئەو وڵاتەیان بۆ خوار یەك ملیۆن بەرمیل دابەزاندووە. راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئێران بەهۆی كەمیی هەناردە و نزمیی توانای بەرهەمهێنانی ناتوانێ دەنگێكی بەهێزی ناو هاوپەیمانێتییەكەی سعودیە و رووسیا بێ.
ئێران و رووسیا لە كێشە جیۆپۆلیتیكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاوپەیمانی گیانی بە گیانین، هەردوو وڵات چوار ساڵە شان بە شانی یەك بەرگری لە مانەوەی رژێمی سووریا دەكەن، بەڵام لە ژووری كۆبوونەوەكانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی (كە بە ئۆپێك پڵاس ناسراوە)، تاران متمانەی بە رووسیا نییە، ساڵی رابردوو پێش ئەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازییەكانی ئێران رابگەیەنرێن، سعودیە و رووسیا ژێربەژێر رێككەوتبوون یەك ملیۆن بەرمیل بخەنە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەیان. ئەو كات گوماندەكرا سزاكانی ئەمریكا لە ناكاو هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەننە خاڵی سفر.
كێشەكانی نێوان سعودیە و رووسیا
رووسیا بە پێچەوانەی سعودیە بە مەرجێك لە رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵاسدا بەشداری كردووە كە رێگەی پێبدرێ بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەی كەم بكاتەوە. زۆربەی ئەو شارەزایانەش كە قسەیان بۆ (ئەلمۆنیتەر) كردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن رووسیا ئەوەندەی چاوی لە كاریگەرییە سایكۆلۆژییەكانی رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵاسە، ئەوەندە حیساب بۆ پابەندبوون یان نەبوونی بەشدارانی رێككەتنەكە ناكات. بۆیەش دیار نییە ئاخۆ رووسیا لە بنەڕەتدا بۆی گرنگە پابەندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ سعودیە بێ یان نا.
لە لایەكی دیكەوە رووسیا دەبێ دڵی كۆمپانیا نێوخۆییەكانیش رابگرێ و قایلیان بكات كە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان پێویستە. كۆمپانیاكانی نەوتی رووسیا دژی رێككەوتنی ئۆپێك پڵاسن و پێیانوایە ئەو رێككەوتنە لەلایەكەوە پشكەكانی نەوتی رووسیا لە بازاڕەكانی جیهان كەمدەكاتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە رێگە بۆ پەرەسەندنی زیاتری كەرتی نەوتی ئەمریكا خۆش دەكات كە پێویستی بە نەوتی سەرووی 50 دۆلارە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەر رابكێشێ.
بەپێی راپۆرتەكە لە دۆخێكی ئاوهادا رووسیا ناچارە هاوسەنگییەك لە نێوان داوای كۆمپانیاكانی خۆی و ئیلتیزاماتەكانی لەگەڵ ئۆپێك دروست بكات و لە زۆر حاڵەتدا چاوپۆشی لە پێشێلكارییەكانی 10 وڵاتەكەی ژێر هەژموونی خۆی بكات. ئاژانسی (بلومبێرگ) ئاشكرای دەكات كە لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ 10 وڵاتەكەی دەرەوەی ئۆپێك بە رێژەی تەنیا 25% پابەندی رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵاس بوونە، لە كاتێكدا ئەندامانی ئۆپێك بە رێژەی 86٪ پابەندی رێككەوتنەكە بوون.
ئەگەرچی سعودیە سوورە لەسەر ئەوەی بۆ پاراستنی رێككەوتنەكە و هاوسەنگكردنەوەی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان زیاتر لە پشكی خۆی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەی كەمبكاتەوە، بەڵام ئەم جیاوازییە گەورەیەی رێژەی پابەندیی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و 10 وڵاتەكەی دەرەوەی رێكخراوەكە لە درێژخایەندا درزی نێوان ئۆپێك و 10 وڵاتەكەی دیكە زیاتر دەكات، هەر ئەمەش ئەگەری دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێ لە نێوان ئۆپێك و رووسیا لاوازتر دەكات.
ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لە سەرەتای 2017ەوە دەستیان بە جێبەجێكردنی رێككەوتنێك كردووە كە داوا لە هەردوو لایەن دەكات پێكەوە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەكان كەم بكەنەوە. ئۆپێك 1.2 ملیۆن بەرمیل و رووسیا 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكی بەردەكەوێ. رێككەوتنەكە لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار نوێكراوەتەوە. رۆژانی 17 و 18ی نیسان، ئۆپێك و رووسیا جارێكی دیكە لە ڤیەننا كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی كاریگەریی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان بكەن.
لە ساڵانی رابردوودا ئەندامانی ئۆپێك هەوڵیان دەدا كێشە سیاسی و جیۆپۆلیتیكییەكانی نێوان وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە كاریگەری لەسەر بڕیار و ئاراستەی كاركردنی ئۆپێك نەبێ. لەگەڵ قووڵبوونەوەی ململانێكان و تۆخبوونەوەی هێڵە سیاسییەكان لە ناوچەكە، ئەستەمە ئۆپێك بتوانێ بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ئەو بێلایەنییە بپارێزێ.
حاڵی حازر سعودیە و رووسیا قازانجی خۆیان لەوەدا دەبینن نەوت لەسەرەوەی 50 دۆلار یاری بكات، بۆیەش لێدان لە بەرژەوەندییە نەوتییەكانی ئێران و دروستكردنی ناكۆكی لە ئەولەوییەتەكانی هیچكام لەو دوو وڵاتە نییە، تەنانەت رووسیا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە ئامادەیە یارمەتی ئێران بدات بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بازرگانییە نەوتییەكانی لەگەڵ بازاڕەكانی جیهاندا نەپچڕێ.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، رێككەوتنەكەی سعودیە و رووسیا لە پراكتیكدا بە قازانجی ئێرانیشە كە بودجەی 2019ی وڵاتەكەی لەسەر نەوتی 54 دۆلاری داناوە، لە كاتێكدا ئێران لەگەڵ لیبیا و ڤەنزوێلا لەو وڵاتانەن كە لە رێككەوتەكەدا بەشدار نین، بەڵام سوودیش لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبینن، بەفەرمیكردنەوەی رێككەوتنەكەی ئۆپێك و رووسیاش لە درێژخایەندا دەتوانێ یارمەتیدەری هەرسێ وڵات بێ بۆ ئەوەی نرخەكانی نەوت لە ئاستێكی بەرز راگرن.
