پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدا بانگەشەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەكات، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی بەشێك لە فەرمانبەرەكانی چەند فەرمانگەیەك پارتی نین لە كارەكەی دووریان دەخاتەوە.
ئەحمەد زاگە لێپرسراوی كۆمیتەی گوێری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە "میللەت"ی راگەیاند،"هەر فەرمانبەرێك یاخود كرێكارێك كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت ئەوە لە كارەكەیان دوریان دەخاتەوە بەهۆی ئەوەی ئەوان دەسەڵاتدارن لەو ناچەیەدا".
وتیشی" زیاتر لە 200 كرێكار لە شارەوانی گوێر كە بەشێوەی گرێبەست كاردەكەن هەموویان ئاگاداركراونەتەوە ئەگەر سەر بە پارتی نەبن ئەوە دووردەخرێنەوە لە كارەكەیان و دەشڵێت، هەندێك لەو كەسانەی كە دورخراونەتەوە پارەی مانگی رابردووی كاركردنیشیان پێ نەدراوە".
ئەمەش لە كاتێكدایە "میللەت" دوێنێ بڵاویكردەوە، تەنها بەهۆی ئەوەی یانەیەكی تۆپی پێی سەر بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ناحیەی گوێر پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، پارتی رێگری لەو یانەیە دەكات گۆڕەپانی ناحیەكە بەكاربهێنێت و گوشارەكانی بۆسەر یاریزانانی یانەكە لە دام و دەزگا ئیدارییەكان دروست دەكات و هەڕەشەی نانبڕینیان لێدەكات.
