
شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات گوندێكی دیكه‌یان له‌ده‌ست داعش رزگاركرد، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فورات بۆ دابڕین و گه‌مارۆدانی شاری ره‌قه‌ی پایته‌ختی داعش له‌سوریا.
به‌پێی ئاژانسی هاوار نیوز نزیك له شه‌ڕڤانان، شه‌وی رابردوو شه‌ڕڤانان توانیویانه گوندی (ئه‌بو خه‌شه‌ب) رزگاربكه‌ن كه ده‌كه‌وێته دوری 23 كیلۆمه‌تر باشوری گوندی مكمن، كه له ئێواره‌ی پێنج شه‌ممه‌وه گه‌مارۆیان دابوو.
شه‌ڕڤانان دوێنێ میحوه‌ری چواره‌می شه‌ڕیان له‌دژی داعش له‌گوندی (خربه ملها) ه‌وه كرده‌وه‌و توانیان سێ كێڵگه رزگاربكه‌ن و نزیكه‌ی حه‌وت كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وی بكه‌ن.
شه‌ڕڤانان له شه‌ڕی هه‌شت ڕۆژی ڕابردوو له‌گه‌ڵ داعش له ده‌ورووبه‌ری ره‌قه هه‌زارو 664 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه.
له‌و ماوه‌یه‌دا 37 گوند ڕزگاركراون و 49 چه‌كداری داعش كوژراون ته‌رمه‌كانیان كه‌وتوونه‌ته ده‌ست شه‌ڕڤانان و سێ چه‌كداری تری ئه‌و ڕێكخراوه به دیل گیراون و چه‌ندین باڵه‌خانه و شوێنی داعش خاپوركراوه، به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فورات.
قۆناغی سێیه‌می ئۆپه‌راسیونی توڕه‌یی فورات بۆ ڕزگاركردنی ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ڕه‌قه و دابڕانی ئه‌وشاره چواری ئه‌م مانگه، له دوو میحوه‌ری باشوری شاری حه‌سه‌كه‌وه ده‌ستیپێكردوو.
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه یه‌په‌گه پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیه‌تی له تشرینی دووه‌مه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فورات-یان ده‌ستپێكردووه بۆ دابڕینی شاری ره‌ققه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.