

کاتژمێر 10ی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٧ی تشرینی یەکەم، ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کونترۆڵکردنەوەی گوندی فازڵیە دەستیپێکرد و ئێستا بەتەوای کۆنترۆڵکراوەتەوە .
عەمید محەمەد رەسوڵ، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری باشیک رایگەیاند، دوای چوار رۆژ لە گەمارۆدانی، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی ھێزەکانی زێرەڤانی و لیوای حەوتی پیادە و فەوجی یەکی لیوای دووی زرێپۆشی ئەمریکی و لیوای ١١٢ی یەکەکانی ٧٠ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی فازڵیە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستیپێکرد".
وتیشی "ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تەواوی گوندی فازڵیەی کونترۆڵکردەوە و ئێستا ماڵ بەماڵ و خاڵ بە خاڵ دەیپشکنن و نەفەر بە نەفەر دانیشتووی فازڵیە ھەویەی لێ وەردەگرین".
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ھیچ چەکدارێکی داعشمان و دەستگیر نەکردوە، بەڵام گەلێک بۆمبی چێندراویان داناوە و پێشمەرگە خەریکی پۆچەڵکردنەوە و لەناو بردنی ئەو بۆمبانەن.
بەپێی قسەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە چەکدارانی داعش بۆمبی زۆریان داناوە، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە سەلامەتن.
گوندی فازڵییە، سەر بەناحیەی باشیکە و دوای چوار رۆژ لە گەمارۆدانی ئەمڕۆ لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کونترۆڵکرایەوە .