نوێترین

recent

10/10/2016

گۆڕان لەسەر عەلی حەمەساڵح پەیوەندی بە یەكێتی-یەوە دەكات



پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەسەر عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان بەتۆمەتی ناوزڕاندنی یەكێتی و جەماوەری ئەو حزبە، چەند بەرپرسێكی گۆڕان پەیوەندی بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی-یەوە دەكەن و داوا دەكەن پابەندی رێككەوتننامەكەی نێوانیان بن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی گۆڤاری "لڤین" بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ (10/10) پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان، سەركردە باڵاكانی ئەو بزوتنەوەیە پەیوەندییان بە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كردوە و داوایانكردوە ئەو سكاڵایە بكشێننەوە و پابەندبن بەڕێككەوتننامەكەی نێوانیانەوە.
پێشتریش سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵاكەی یەكێتی، ناسیح حەمەحسێن پارێزەری راوێژكاری ئەو حزبە لەلێدوانێكدا بەرادیۆی نەوای وت "ئەمڕۆ لە بنكەی پۆلیسی سەرا، سكاڵای یاساییمان لەسەر عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بەهۆكاری ناوزڕاندن تۆماركرد، كە بەوتەی ئەو لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا مانگانە 50-60 ملیار دینار لەداهاتی ئەم شارە دیارنامێنێت".
ناسیح حەمەحسێن ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ناوی یەكێتی و جەماوەرەكی زڕاندوە بۆیە داوای قەرەبوی لێدەكەن، وتیشی "ئێمە لەبەرانبەر ئەو ناوزڕاندنەی یەكێتی و جەماوەرەكەی، داوای قەرەبوی مادی و مەعنەوی لێدەكەین".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085