نوێترین

recent

19/08/2016

پێناسەی ئەو کاردانەوەی پارتی ، ئیفلاسی سیاسییە!



نیاز حامد
پارتی تەنانەت ناتوانێت رەخنە ئاراستەی پرۆسەی سیاسی سۆمال بکات ، جا چۆن دەتوانێت رەخنە لە بینای مەزنی مرۆڤایەتی لە رۆژئاڤا بگرێت!.
لە رۆژئاڤا هەموو هیزێکی سیاسی جێگای لە ناو پرۆسەی دیموکراسی دەبێتەوە و، ئازادانە کاردەکات ، تەنها جێگای بە کرێگیراوانی دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستانی تیا نابێتەوە.
'فاقد شیء لایعطی' ، پارتی ناتوانێت باس لە دیموکراسی بکات ، خۆی کۆدەتاچی بێت.
نۆ بەناو فراکسیۆنی پەرلەمان ، پەرلەمانی کودەتا بەسەرکراو ، بە فەرمانی فراکسیۆنی کۆدەتاچی ، نارەزایەتی بەرامبەر رۆژئاڤا کوردستان دەدەبڕن.
لەگەڵ رێزمان بۆ ئەو فراکسیۆنانە ، تازە ناویان دەبیستین هی دوکانە سیاسییەکانی پارتین و هیچی دیکە، نە کاریگەریان هەیە و نە دەشیان بێت ، فراکسیۆنی بێ کاریگەر وبێ دەنگ وبێ رەنگ.بەڵام بۆچی پارتی هانایی بۆیان بردووە ؟!..وەک ئەوەی هانای بۆ خۆی بردبێت ، ئاوای دەبینین.
بۆ وەڵامی پرسیارەکە ،دەڵێین: بە کورتی پارتی لە ئیفلاسی سیاسیی گوزەر دەکات و، لە گێژاوێکی سیاسی ئابوری وجڤاکی و مۆڕالی رەت دەبێت کە خۆی بەرهەمهێنەریەتی. پارتی ئێستا لە بەرامبەر ئازادییەکان و پرۆسەی دیموکراسی وعەدالەتی کۆمەلایەتی بە هەموو هێزێکییەوە شەڕی خەڵکی دەکات.
ئەو نۆ فراکسیۆنەی پارتیی ، کە گوایە پەرۆشی دیموکراسی رۆژئاڤان ،دەبوو پەرۆشی دیموکراسی هەرێمۆکەکەی کوردستان بن ، ئەگەر خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ بونایە،دەبوو بە پارتیان بوتبایە: کۆدەتاتان بەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی کردووە!.چۆن لە رووتان دێت باسی دیموکراسی لە رۆژئاڤا بکەن، تەنانەت ناتوانن باس لە دیموکراسی سۆمالیش بکەن؟!.
پارتی و ئەو نۆ فراکسیۆنەی کە دەبوو بۆ تیرۆرکردنی رۆژنامەوان وداد ئەوانیش لەتەک ٥ فراکسیۆنەکەی دیکە ئیمزایان دانابایە و ئیدانەی ئەو تیرۆرۆرەیان بکردایە ، دێن یاخەی رۆژئاڤا دەگرن کە لە گەورەترین پرۆسەی بیناکردنی دیموکراسی و شەڕ دژی تیرۆردان.
داکۆکی پارتی لە کەسێکی سەر بە ئەنەکەسە کە ئاسایش لەسەر دژایەتیکردنی رۆژئاڤا محاسەبەی کردووە و بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ کردووە ، دەیەوێت بە چەند فراکسیۆنێکی بێ کاریگەر دژایەتی ئەو بینا گەورەیە ومەزنەی مرۆڤایەتی لە رۆژئاڤا بکات کە بە کەدو خوێن ئاوابووە، لەوەدا هەر زوو مرۆڤ دەزانێت پارتی چەندە بێ کەسە .بە چەکی بچووک ، شەڕی گەورە دەکات!.
هەموو سیاسەتەکانی لە هەمبەر رۆژئاڤا شکستی هێناوە وئیفلاسی کردووە ، جگە لە خراپەکاری هیچی دیکەی پێ ناکرێت، گەمارۆی ئابوری و خەندەق و رێگەگرتن لە رۆژنامەوانان ، کە هیچیان ناچیتە چوارچێوەی پشتیوانی رۆژئاڤا بەڵکو ئەوانە دوژمنایەتییە.
پارتی ئەگەر ئەو قەرەباڵغکردنەی بەیاننامەی دژی رۆژئاڤا بۆ ئەوە بێت رای جیهانی بەرامبەر رۆژئاڤا و بەتایبەتی رای ئەمەریکییەکان بگۆڕێت ، ئەمەریکا بۆ خۆی لە رۆژئاڤایە ، باش دەزانێت لەوێدا چی دەگوزەرێت. ئەنەکەسە بەشێکە لە هاوپەیمانی ئیتلاف و داعش کە ئاکەپە سەرپەرشتی دەکات، بۆیە هانا بردن بۆ قەرەباڵغی وەهمی ، راستییەکان ناگۆڕێت ، خۆ ئەگەر وەک پەرچەکردارێکە بۆ ئەو ٥ فراکسیۆنەی کە دژی تیرۆری وداد هاتنە دەنگ ، بە رای ناوخۆ بڵێت ، ئەگەر ئەوان ٥ بن ، ئەوەتا ئێمە دە فراکسیۆنن ، خەڵکی هۆشیارە دەزانێت ، بە هەموو ١٠ فراکسیۆنەکە نوێنەرایەتی لە ٤٠ ٪ ناکەن ، بۆیە گەمەیەکی نەشارەزایانەیە ، پارتی دەیکات.
لە جیاتی ئەوە پارتی دەتوانێت دان بە راستییەکان دابنێت .
تا بە ئیسرار بێت لەو سیاسەتە چەواشەکارییە ، رۆژ لە دوای رۆژ لە کورتی دەدات ، بچووک دەبێتەوە ، گەمارۆدراو دەبێت ، نە تۆقاندن و نەتیرۆر و نە هێزی وەهمی و نە پرۆژەی وەهمی دادی نادات ، دەبێت بێتەوە سەرەخۆ ، ئەگینا کار لە کار دەترازێت ، کات لە بەرژەوەندی پارتی نییە.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085