

كهمال چۆمانی
سێ جار ساڵح موسلیمم بینیوە. جاری یەکەم لە برۆکسڵ، بەلجیکا، کاتێک هەردوکمان لە ستێرک تیڤیی بۆ بەشداریکردن لە دو بەرنامەی جیاواز دەعوەت کرابوین. جاری دوەم و سێیەم لە دیداری سلێمانیی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦. هەر کە دەیبینم، تەنانەت کە لە تیڤییەکانیش دەیبینم، بیرم لای جانتا بچوکەکەیەتی. جانتایەکی رەنگ سوری بچوک تا سەر گیرفانی پانتۆڵەکەی شۆڕبۆتەوە. وەک بڵێی هەمو نامە یادگاریی و نوسینەکانی ژیانی لەو جانتایەدا کۆکردبنەوە، بەزەحمەت دوگمەی جانتاکە قەپات بوە.
هەرکە سالحی موسلیم دەبینم، خۆزگە دەخوازم هەمو سەرکردەکانمان وەک وی ساڵح بن. جیاوازیی جەوهەریی ئەو لەگەڵ ئێمەدا، لەوانەیە ئەوە بێت ئەو ماندو نابێت. بە جلوبەرگێکی خاکییانە، پڕچێکی ئاڵۆزکاو و دەموچاوێک کە هەم خەمی لەدەستدانی کوڕەکەیی و هەم خەمی ئازاری گەلێکی هەڵگرتوە، بە ئیحتیرامێکی زۆرەوە لە دەوروبەری دەڕوانێت. چاویلکەکەی یارمەتیی دەدات وردتر سیاسەت، روداوەکان و دونیا ببینێت. سمێڵێکی کوردیی و تام و بۆنێکی کوردانەی هەیە. کەمدوێیە بەڵام ورد قسەدەکات. ئاگاداری دونیایە و سیاسییەکی خوێندەوارە. د یوسف محەمەد لەوەدا راست دەکات کە سیاسیی دەبێت خوێندەوار بێت و مەعریفەی سیاسیی هەبێت. ئەو، لەسەر مۆبایلەکەی وێنەی ئۆجەلانی کردۆتە تێمپڵێیتی سکرینەکە. لەناو دڵ و رۆحیدا وێنەی ئۆجەلان هەیە. بەڵام هەرگیز لە گفتوگۆکانیدا، لە وتارەکانیدا لە ناوەندە سیاسییەکانی گفتوگۆی رۆژئاڤا و دۆخی و سوریا و شەڕی داعش، باسی ئۆجەلان و جەمیل بایک و موراد قەرەیلان ناکات. هەرگیز باسی شەهیدبونی کوڕەکەی ناکات.
ساڵح موسلیم لە یەکەم رۆژی سەرهەڵدانی رۆژئاڤای کوردستانەوە، ناوێکی دیاری ناو شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستانە. رۆژێک لە قامیشلۆیە، رۆژی دواتر لە هەولێر، رۆژی دواتر لە مۆسکۆ. بۆ کۆتایی هەفتە لە لەندەنە. هێندە نابات دەچێتە جنێڤ. دواتر دەگەڕێتەوە کۆبانێ. هێندە نابات دێتە دیدارەکەی سلێمانیی و لەگەڵ بەرهەم ساڵح باوەش بە یەکدا دەکەن. لەنێوانی قادری حاجی عەلی و فوئاد حوسێن دادەنیشێت و لەگەڵ هاتنی هەر میوانێک هەڵدەستێتە سەر پێ. جیاوازیی ناکات لەنێوان خوێندکارێکی زانکۆی ئەمریکیی و بەرپرسێکی باڵا. بە هەردو قاچی لەبەر هەردوکیان هەڵدەستێتە سەر پێ. نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ نەکات. توند دەستی دەکوشێت. برێت مەگێرک و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکیی چاکوچۆنییەکی گەرمی لێ دەکەن. رۆژنامەنوس، سکۆلار و شیکەرەوە سیاسییەکان دێنە لای و قسەوباس دەکەن. خەڵک لە زۆر لاوە فۆتۆی یادگاریی لەگەڵ دەگرن. هەستدەکەی شەرم دایدەگرێت نەک پۆز لێبدات.
بە کورتی، ئەو ساڵح موسلیمەی روخساری سیاسیی، دیپلۆماسیی و ئیداریی رۆژئاڤای کوردستانە، ئەو ساڵح موسلیمەی باوکی شەهیدێکی شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستانە، خۆیی و جلە کۆنەکانی و جانتا سورە بچوکەکەی کە هەر یەکێک لە ئێمە شەرم دەکات هەڵیبگرێت، تا ئێستا یەک پۆستی ئیداریی لە رۆژئاڤای کوردستان وەرنەگرتوە. ئەو وەک هاوسەرۆکی پەیەدە ماوەتەوە و بەس.
ساڵح موسلیم "شەرعیەتی شۆڕشگێڕی"ی هەیە، خاوەن بەربڵاوترین پەیوەندیی دیپلۆماسییە، سیاسییەکی بەئاگا و خوێندەوارە، سەرۆکی گەورەترین حیزبی رۆژئاڤای کوردستانە، حیزبەکەی خاوەنی گەورەترین و سەرکەوتوترین هێزی چەکدارەی نادەوڵەتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تاکە هێزە توانیویەتی نەک هەر داعش تێكبشكێنێت بەڵکو سنوری ژێر دەستەڵاتیشی ئازادبکات. جگە لە کوردیی، عەڕەبیی، ئینگلیزیی و تورکیی بەباشی قسەدەکات، کەسایەتییەکی خاوەن جەماوەرە و خاوەنی تەندروستییەکی باشە. بەڵام:
نە لە کانتۆنەکان و نە لە راگەیاندنی فیدڕاڵییدا، ساڵح موسلیم نابێتە سەرۆکی هیچ کانتۆنێک و سەرۆکی رۆژئاڤای کوردستان. لە راگەیاندنی فیدڕاڵیشدا، ئەو وتاری راگەیاندنەکە ناخوێنێتەوە تا مێژو بە ناوی وی بنوسێت.
نەبونی ساڵح موسلیم بە سەرۆک، پەیوەستە بەوەی لە رۆژئاڤای کوردستاندا کار بۆ دروستکردنی خوا ناکرێت، بەڵکو کار بۆ دروستکردنی سیستەم دەکرێت. هەرکەسێک دەبێت ساڵح موسلیمێک بێت نەک ساڵح موسلیم هەمو کەسێک بێت. ساڵح موسلیم کەسێکە، دێت و گەر بکرێت بە خوا ناڕوات و خۆی دەسەپێنێت و وڵات وێران دەکات، بۆیە ئەو و حیزبەکەشی هەوڵدەدەن سیستەم دروستبکەن نەک ساڵح موسلیم دروستبکەن. ساڵح موسلیم ئینسانە، نەخۆش دەکەوێت، لەوانەیە لە یەکێک لە گەشتەکانی بۆ ئەوڕوپا -خوا نەکات- فڕۆکەکەی تێکبشكێت و تەنانەت تەرمەکەشی نەدۆزرێتەوە. بۆ کورد، سیستەم گرنگە بەر لەوەی کەسەکان گرنگ بن. کەسێک لەوانەیە لە کاتی خەباتی ئازادیخوازییدا گرنگ بێت نەک لە کاتی ئیدارەدا. ساڵح موسلیم وەک سیاسییەکی کارا لەناو حیزبەکەیدا، لەناو سیاسەتی ناوخۆیی و رۆژئاڤای کوردستاندا با دەوری خۆی بگێڕێت نەک ببێتە بەرپرسێک لە ئیدارەدانی حکومەتی رۆژئاڤای کوردستاندا.
ئیدارەدانی وڵات بۆ خەڵکە، خەڵکی شیاو. خەڵکی جیاواز و رەنگاوڕەنگ. حکومڕانیی تەندروست، بەتەندروستیی دەستپێدەکات. حوکمڕانیی شکستخواردو و هەڵگری ویستی دیکتاتۆرییانە، هەڵگری دڵڕەقیی و ویستی پاوانخوازانە، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دروستکردنی کەسێک دەدات کە شیاو نییە، کەسێک دەکاتە سەرۆک و رابەر کە نە دەتوانێت سەرۆک بێت نە رابەر. سەدەی بیست و یەکەمە، مۆدێلی پاڵەوان بەسەرچوە. پاڵەوانەکان ئەوانەن سیستەمێکی تەندروست لەسەر بنەمای دیموکراسیی، بەشداریی هەموان، کاری پێکەوەیی و قانونی ئینساندۆست پێشدەخەن.
سڵاو لە جانتا سورەکەی ساڵح موسلیم، جانتایەک پڕ لە سیستەم نەک لە دۆلاری دزراو و ویستی پاوانخوازانە، دیکتاتۆرییانە و دڵڕەقانە.
هەرێمی رۆژئاڤای کوردستان، باکوری سوریا، هەزار جار پیرۆزتان بێت.