سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیی عێراق وەڵامی عەبادی بۆ نەدانی پشكی پێشمەرگە ئاشكرا دەكاتو دەشپرسێت چۆن هەرێم بە نەوتی كەركوكو هەرێم ناتوانێت پارەی پێشمەرگە بدات؟.
هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجومەنی نوێنەران، عەبادی هۆكاری نەناردنی پارەی پێشمەرگە ئاشكرا كردوەو رایگەیاندوە كە بەراشكاوی به هۆكارەكەی نەناردنی پشكی پێشمەرگەی بە ئەندامانی وەفدەكەی هەرێمم راگەیاندووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە بە بەشداری 15 ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق كە ئەندامانی سەرجەم كوتلەكانی ناو ئەنجومەنی تێدا بووە لەگەڵا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداربووەو تیایدا رۆشنایی خستە سەر چەندین بابەتی ئەمنی وڵات.
هۆشیار عەبدوڵا لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە دەڵێت"پرسیارم ئاڕاستەی عەبادی كرد و تیایدا ئاماژەم بەوەكرد كە هۆشیار زێباری لە چاوپێكەوتنی كەناڵێكی ئاسمانیدا وتویەتی عەبادی بۆیە موستەحەقاتی پێشمەرگە نادات، چونكە حیزبێكی سیاسی شكاتی لای عبادی كردوە كە ئەو پارەیە ناگاتە پێشمەرگە، بەڵكو دەچێت بۆ لایەنێكی سیاسی".
بەوتەی هۆشیار عەبدوڵا لە وەڵامدا عەبادی رایگەیاندوە كە هیچ حیزبێكی سیاسی سكاڵای لای ئەو نەكردووە لەسەر ئەو پرسە و شتی وا رووینەداوەو جەختیكردوەتەوە كە بە راشكاوی هۆكاری نەناردنی پشكی پێشمەرگەی بە وەفدی هەرێم وتووە.
هەروەها عەبادی لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لەوە كردوە كە بە وەفدەكەی هەرێمی وتوە لای سەیرە موچەی پێشمەرگە نادەن لە كاتێكدا جگە لە نەوتی هەرێم هەموو نەوتی كەركوك دەفرۆشن و یەك دیناری بۆ بەغدا ناگەڕێننەوە، ئەو پارەیە بۆ نادەن بە موچەی پێشمەرگە؟.
بەپێی وتەكانی عەبادی لە مانگی ٦ ساڵی رابردوەوە نەوتی كەركوك هەرێم دەیفرۆشیت و پارەكەی بۆ بەغدا ناگەڕێتەوە هەروەها بەوتەی خۆشی دەشزانن لە رێگەی جیهانەوە چەند دەفرۆشن، جەختیشیكردوەتەوە ئەگەر بە نەوتی هەرێم و كەركوك نەتوانن پارەی پێشمەرگە بدەن ئەوانیش ناتوانن لە نەوتی بەسرە ئەو پارەیە بدەن.
سەبارەت بە ئاستی بەشداری كورد لە سوپای عێراقدا سەرۆك وەزیران وتویەتی"بە راشكاوی من باوەڕم بە پاراستنی رێژەی پێكهاتەكان هەیە، بەڵام دژی موحاسەسەی حیزبیم بۆ ئەو پۆستانە".
