رێكخەری پێشووی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دروستبوونی ناكۆكی ئەو لەگەڵ گۆڕٍان لەو كاتەوە دەستی پێكردووە، كە وتوویەتی لەگەڵ كۆبوونەوەی (١٩ـی ئاب)ـی پەرلەمانی كوردستاندا نییە.
محەممەد حاجی، رێكخەری پێشووی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی رووداو، رایگەیاند: "كاك نەوشیروان لەگەڵ كۆبوونەوەی رۆژی (١٩ـی ئاب)ـی پەرلەمانی كوردستان نەبوو، خۆشم بە ئامادەبوونی (٤) بەرپرسی گۆڕان پرسیارم لە كاك نەوشیروان كرد، كە تۆ لەگەڵ ئەو دانیشتنە بووی؟ ئەویش وتی نەخێر."
محەممەد حاجی وتیشی: "لەو كاتەوە ناكۆكییەكانی ئەو لەگەڵ گۆڕان دەستی پێكرد و بەردەوام بوو تا گەیشت بە دەست لەكار كێشانەوەی."
دەربارەی كاركردن لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان، وتی: گۆڕان بەرنامەی سیاسی و كاری سیاسی لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكەدا جیاوازە، لەنێو گۆڕاندا وەك پێویست ئازادی بیڕوا نییە و ناعەدالەتی و ناوچەگەرێتی زۆر هەیە، بۆ نمونە، لەكاتی بەشداریكردن لە حكومەت پێشنیازم كرد دوو وەزارەت بدرێنە سلێمانی، وەزارەت و دەستەیەك بۆ هەولێر و وەزارەتێكیش بۆ بادینان، كەچی یەك مودیر عامیش بۆ بادینان دانەنرا و غەدریان لێكرا."
رۆژی هەینی رابردوو (٢٠١٦/١/١٥)، محەممەد حاجی، رێكخەری پێشووی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە بزوتنەوەی گۆڕان، راگەیاند. دواتر بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پێشتر محمد حاجی لە لە پۆستەكەی لابراوە.
