نوێترین

recent

17/01/2016

فەرمانبەرێکی کرێچی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

فەرمانبەرێکی کرێچیی شاری ھەولێر بەھۆی دابیننەکردنی کرێی خانوو، کۆتایی بەژیانی خۆی دەھێنێت، وتەبێژی پۆلیسی ئەو پارێزگایەش دەڵێت ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە نین.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە، دەست تۆری هەواڵی سلێمانی كەوتوەو بڵاوی كردۆتەوە ، دوێنێ ١٥ ی کانوونی دووەم، لەگەڕەکی کوردستانی شاری ھەولێر، کرێچییەک کە پیشەی فەرمانبەر بووە، دوای ئەوەی خاوەنی خانووەکەی ھاتووەتەسەری و داوای لێکردووە بەزووترین کات کرێی خانووەکەی بداتێ، فیشەکێکی بەخۆیەوە ناوەو بەو ھۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی  تۆری هەواڵی سلێمانی  فەرمانبەرە کرێچییەکە تکای لە خاوەن خانووەکە کردووە، ماوەیەک دەرفەتی بداتێ تا کرێکەی بۆ دابین دەکات، پێیشی راگەیاندووە کە بەھۆی دواکەوتنی موچەوە، ناتوانێت ئێستا کرێی خانوو بدات.

لە بەرامبەردا خاوەنی خانووەکە سوربووە لەسەر وەرگرتنی کرێی خانووەکەی و ھەڕەشەی دەرکردنی لەناو خانووەکەی لێکردووە، فەرمانبەرەکەش پەنای بردۆتە بەر ژمارەیەک خزم و کەسی نزیکی خۆی و دراوسێکانی بۆئەوەی پارەی کرێ خانووەکەی دابین بکات کە بڕەکەی ٤٠٠ ھەزار دینارە، بەڵام ٣٧٠ ھەزار دیناری کۆکردۆتەوە، ڕادەستی خاوەن خانووەکەی کردووە.

ھەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو خاوەن خانووە ڕەتیکردۆتەوە ئەو پارەیە وەربگرێت و ڕایگەیاندووە کە کرێی خانووەکەی ٣٠ ھەزار دیناری کەمەو تا یەک دیناری کەم بێت وەری ناگرێت، دوای کۆبوونەوەی ژمارەیەک ھاوڵاتیش لەبەردەم دەرگای ئەو ماڵە، کرێچیەکە چۆتە ژوورەوەو فیشەکێکی ناوە بەسەری خۆیەوەو کۆتایی بەژیانی خۆی ھێناوە.
 
لەبارەی ئەو ڕووداوەشەوە، ھۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ڕەتیکردەوە ئاگاداری ئەو ڕووداوە بن و وتیشی:" لەماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا ھیچ ڕووداوێکی خۆکوشتن لەناو شاری ھەولێر تۆمارنەکراوە".

ڕاشیگەیاند: ھەر ڕووداوێک کە ڕووبدات دوای ئاگادارکردنەوەمان، بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بەڵام تائێستا لەبوونی ڕووداوی خۆکوشتن لەماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا لەگەڕەکی کوردستانی شاری ھەولێر ئاگادار نەکراوینەتەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085