

بەپێی بەڵگەنامەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە لە 4ی 10ی 2015 دەرچووەو كۆپیەكی هەفتەنامەی باس بڵاویكردووەتەوە دەردەكەوێت واژووی سەدام حوسێن تا ئێستاش لەبەڵگەنامەو كارەكانی حكومەت كاریان پێدەكرێت.
ئەو بەڵگەنامەیەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەتە بەدەسەڵاتەكانی پێدانی مۆڵەت بەفەرمانبەران، كە لەنووسراوەكەدا بۆ وەزارەتی داراییو وەزارەتەكانی تر رەوانەكراوە ئاگاداركراونەتەوە، "سەبارەت بە بەخشینی مۆڵەتی بێ موچە بۆ فەرمانبەران كار بەبڕیاری تەشریعی 418 بكەن، كە وێنەیەكی هاوپێچە لەگەڵ نووسراوەكەدا".
بڕیاری تەشریعی 418 بەواژووی سەدام حوسێن سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق دەرچووەو ئێستا حكومەتی هەرێم كار بەو نووسراوە دەكات، كە واژووی سەدام لەنووسراوەكە وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی "شۆرشی بەعس" هاتووەو ئەوەی تێدا هاتووە، كە وەزیرو بەرپرسی فەرمانگە بۆیان هەیە دووساڵ مۆڵەتی بێ موچە بدەنە فەرمانبەرانو ئەو ماوەیەش بۆ خانەنشینی ئەژمارناكرێت.
عەلی مەحمود چالاكوانی سیاسیو مەدەنی نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لەهەبوونی واژووی سەدام حوسێنی دیكتاتۆر لەنێو ئەنجوومەنی وەویرانی كوردستانو لەو بارەوە پێیوایە كاركردن بەبڕیارەكانی سەیدام نیشانەیەكی خراپەو دەبێت لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت بۆچی ئەو كارە دەكرێت.
ئەو چالاكوانە بە"عەیبە"ی ناو دەبات كار بەبڕیارەكانی سەدام حوسێن بكرێت لەهەرێمێك، كە هەموو نەهامەتییەكی بەدەستی سەدام بینیووە.
لەئێستادا نزیكەی 2 هەزار بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆرشی بەعس كاریپێدەكرێت، كە لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ هەمواركردنەوەی ئەو بڕیارانەی سەدام حوسێن.
لای خۆیشییەوە گۆران ئازاد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان دووپاتیكردەوە بەشێك لەبڕیارەكانی پێشووی سەركردایەتی شۆڕشی بەعس لەدامودەزگاكانی هەرێمی كورستان كاریان پێدەكرێت.