نوێترین

recent

01/10/2015

ترۆری بازاڕ

د. محمد امین گەناوی

لەرووی مانای زمانەوانیەوە کە باسی ترۆری بازاڕ ئەکرئ ، دوو مانامان بۆ وێنا ئەبئ:

١-بازاڕ ترۆر دەکرێ، واتە بازاڕی ناوچەیەک، وڵاتێک، کیشوەرێک وە یان بازاڕی کاڵایەک بەھۆی پلان گێڕیەوە یان شەری بازارچیانەوە جا لەسەر ھەر ئاستێک بێ لاواز ، نابود ، بئ بەھا ئەکرێت تا تەواو ئەمرێ واتە ترۆر دەکرێت نمونەی ئە ترۆری بازارە تا ئێستاش لە زۆر شوێنی جیھان بەردەوامە.

٢-ترۆری بازار بەو مانایە کە بازاڕ بۆ خۆی ، ئەمەی کە پەیوەندی بە کاڵا ، بەھای کالا وە دەسەلاتی میرەکانی بازارەوە ھەیە ، ترۆری دارایی خەڵک و گرفانی خەڵک دەکات، بەمانای ئابوریەکەش واتە دەستکەوت /دخل (income) ی ھاولاتیان زۆر کەمترە لە بەھای (cast) کاڵاکانی بازار ، ئەو کات بازار ِئەبێتە ترۆریست بۆ گرفان و ژیان و گوزەرانی خەڵک کە لە زۆر شوێنی دنیا تروریزمی بازاڕ بوو ەتە کارەسات بۆ انسانەکان ھەر وەک ئەمەی ئەمرۆ ئەیبینین ملێونان کەس مل ئەنئ لە کۆچ ،ئاوارەیی وە ھەڵاتن لەدەست ترۆری بازاڕو بئ دادی میرەکانی بازار.

بابەتەکەی ئێمە (ترۆری بازاڕ) ھەردوو ماناو تئ گەیشتن لەخۆ دەگرێت بەھەموو رەھەندەکانی ئابوری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی وە پەیوەندیە ناوچەیی و جیھانیەکانەوە.

ھیچ کاتێک ، لەمێژوی مرۆڤدا وەکو ئەمڕۆی ئێمە، مرۆڤەکان پەیوەندی و سەروکار و ژیان و ئایندەیان بەبازاڕ، رەوشی بازاڕ وە جۆرەھای جۆری بازاڕی کاڵاکانەوە نەبوەو نەبەسراوەتەوە. ھەڵبەتە لەمێژوی ئابوریدا، ھەر لەو کاتەوە کە مامڵە و ئاڵوگۆڕی کاڵا بەرامبەر کاڵا کراوە ، واتە پێش پەیدابونی کۆمەڵگای پارە، بازاڕ پەیدابووە و ھاتۆتە کایەوە. بەڵام لەسەرەتادا ھەم کاڵاکان دیاری کراو بون ھەم بازاڕ لە سنورێکی دیاری کراوی بچوکی جوگرافیدا بووە . پەیدابونی ھۆکارەکانی گواستنەوەی دەریایی وەکو بەلەم و کەشتی بەیەکەم ھۆکاری فراوان بونی بازاڕ دادەنرێت بۆ گواستنەوەی کاڵاو بازاڕەکان لەشوێن ،فەرھەنگ ،نەتەوە وە شارستانیەتێکەوە بۆ شوێنێکی تری تەواو جیاواز، بۆیە دەشێت گواستنەوەی بازاڕ لەڕێگەی دەریایەوە بەیەکەم قۆناغی سەرەتایی بەجیھانی بونی جیھان (Globalisation) دابنرێت . ئەمجار پەیدابونی ھۆکارەکانی گواستنەوە لەڕێگەی وشکانیەوە وەکو ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر ھەروەھا ئاسمانی وەکو فرۆکە گۆڕانکاری زیاتری جۆریان لەسەر رەوشی بازاڕ دروست کرد ھەم لەسەر ئاستی نیشتمانی گەلان ھەم لەسەر ئاستی جیھانی.

بەرھەمھێنانی کاڵای زۆرو باشتر ،فراوان بونی بازاڕەکان ، پێشبڕکێی بازار (competition) وە ھەول و ئارەزووی بەدەست ھێنانی بازاڕی زیاتر لەلایەن کۆمپانیا بەرھەم ھێنەرەوەکانەوە لە سەر ئاستی نیشتیمانی و جیھانی زانستی خستە بازاڕی (marketing) ی بەرھەم ھێنا.

لەدوای شۆڕشی پیشەسازی ، بازاڕ بە تێگەیشتنە ئابوریەکەی ، رەھەندە سیاسی و فەرھەنگیەکانی وە ھەتا کاریگەری راستەوخۆی لە سەر جۆر و فۆرمی ژیان وە لەمەش زیاتر وەکو عاملێکی ھەرە گرنگی شەرو ئاشتی رۆڵی بەرچاوی بینیوەو ئەبینێت لەسەر ژیانی تاک، گەلان وە ھەروەھا لە سەر پەیوەندیە سیاسیو دیبلۆماسیەکان لە سەر ئاستی ناوچەیی و جیھانی.

ئەگەر جەنگە مێژویەکان بەجۆرێ لە جۆرەکان راستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ پاڵنەرێکی ئابوریان ھەبوبێت بۆ بەدەست ھێنانی کەرەسەی خۆراک ، خاکی بە پیت ،دەست بە سەرا گرتنی شوێنی ستراتیجی وە کەرەسەی خاو پاش پەیدابوونی سەرمایەداری، ئەوا جەنگ و کێشەکانی سەدەی بیستەم ھەم پاڵنەری ئابوری ھەبووە ھەم پاڵنەری بازاڕ بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکان ، بۆ نمونە دوای پەیدابونی سەرمایەداری و پێویست بوون بە کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی، ئیمپریالیزم و جەنگی کۆڵۆنیالستی سەری ھەڵدا بۆ دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی کەرەسە خاوەکان، وە دوای ئەمە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا پیشەسازیەکان بازاڕ بوو بە پێویستیەکی حەتمی . پەیداکردنی بازاڕ بۆ وەلاتانی پیشەسازی وە کۆمپانیا بەرھەم ھێنەرەکان بوو بە بەشئ لە سیاسەت و ستراتیجی ئابووریان ، پەیداکردنی بازاڕی ساغ کردنەوەی کاڵاکان زۆر جار بووەتە ھۆی شەڕی ئاشکراو نائاشکرا لەنێوان ھێزە بەرھەم ھێنەرەکان وە رکە بەرەکانی بازاری ناوچەییو جیھانی. ھەر لەم کاتەوە کە بازاڕ بۆتە مەرجی بەرھەمھێنان ،پەیدابونی بازاڕی کار وە تەندروست بوونی ئابوری نیشتیمانی وڵاتان و توانای کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنەری کاڵاکان، ترۆری بازاڕیش بوەتە بەشێک لە سیاسەتی وڵاتانی بەرھەم ھێنەر ھەم بۆ داگیر کردن و پەیدا کردنی بازاری تازە ھەم بۆ دژایەتی کردنی رکەبەرەکانیان .لەشەڕی بازاڕ دا مرۆڤەکان وەک ژمارەی بەکاربەر دەبینرێن بێ گوێ دانە ھیچ لایەنێکی تری مرۆڤەکان یان لایەنە مرۆیی ، اخلاقی و ئاکارەکان (Moral and ethic) ،بۆ نمونە کۆمپانیای ئەپل یان ھەر کۆمپانیایەکی تر کە دەستگایەک دروست دەکات بۆ ئەو گرنگ نیە ئەم بەکاربەرە سەر بە چ کلتورو فەرھەنگ و ئاین و شارستانیەکە گرنگ ئەوەیە کە بتوانێ بیکڕێ (لە وتاری مرۆڤە زیادەکان کێن شرۆڤەی مفھومی توانای کرینم کردوە کە ئێستا خەریکە ببێتە پێوەر بۆ پۆلین کردنی مرۆڤەکان کئ زیادەیەو کئ پێویستیە) .بە ھەر حال ئەگەر کۆمپانیایەکی تر بیەوێ بازاڕی ئەپل ترۆر بکات ئەبئ بەشتێ وە تایبەت مەندیەکە وە بێتە بازار کە ئەپڵ توانای بەرگری ترۆر نەگرێ. لەگەڵ زیادبونی کاڵاکان و فراوان بونی بازاڕەکان مرۆڤ بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی ھەم وەک بازاڕ ھەم وەک کاڵا دە بینێتەوە بۆ بیرخستنەوە (مرۆڤ ھەم وەک بازاڕ ھەم وەک کاڵا) ناونیشانی یەکێک لەوتارەکانی بەندە بوو لە گۆشەی ئابوری ھاوڵاتی .

ئێمە ئەمڕۆ لەکاتێکی مێژویدا دەژین کە مامەڵەی ڕۆژانەمان ھەیە نەک تەنھا لەگەڵ بازاڕی ئەو کاڵایانەی کە پێویستی ژیانی رۆژانەیە وەک خۆراک (ئەمرۆ ھەتا کاڵا سەرەکیەکانی ژیانی ڕۆژانەش وەک خۆراک بوەتە چەندەھا کاڵای جۆراو جۆر و بەرھەھێنەری جۆراو جۆری وڵاتانی جۆراوجۆر) بەڵکو ھەر ناو بەناو لەگەڵ بازاڕی کاڵایەکی تازە ناچار دەبین مامەڵە بکەین بە حوکمی وە حەتمیەتی پێش کەوتنی تەکنۆلۆجیاو پێویستی ژ یان جا لە بچوکترین کەرەسەو ئامێرەوە تا گەورەترین کەرەسەو ئامێر . بۆ نمونە ئەو ئامێرە تەلەفۆنەی پێش چەند ساڵێک بەکارمان دەھێنا ئەمڕۆ بەکاری ناھێنین چونکە بازاڕی ئەمڕۆی تەلەفۆن وەڵامی ئەو پێویستیانە دەداتەوە کە ئەمڕۆ لەزۆر بواری ژیاندا بەکاری دەھێنن بەڵام ئامێرەکانی تەلەفۆن کە پێش ١٠ سال دروست کراون ئەو توانایەیان نیە وەلامی پێویستی ئەمرۆمان بەنەوە . ئەمڕۆ لەیەک کاتدا لەگەڵ چەندەھا بازاڕی کاڵای جۆراوجۆر مامەڵە دەکەین ، کاڵاکانی خۆراک، وزە، پەیوەندی ، خزمەت گوزاری، گواستنەوە وە تەندروستی ھتد.... ھەر یەکێ لەم بازارانەش ئازادن لەدیاری کردنی بەھای کاڵاکان ھەم لەلایەن خاوەن بەرھەم ھێنەرانەوە ھەم لە لایەن بازرگانانەوە ئەمجار ئەوانەی بەھەر ڕێگایەک بێ پاوان و مۆنۆپۆلی بازاڕیان کردووەو بوونەتە میری بازار بەتایبەت لە ولاتانی جیھانی سێ ھەم .

خەلکانی وڵاتانی جیھانی سێھەم بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن حکومەت و سستمی نیشتمانی و ھاوڵاتی نین وە زیاتر حکومەت و دەسەلاتی میلیشیا فەرمان رەوایە یەکەم قوربانی گەورەی ترۆرەکانی بازارن ، لەپێش ھەمویانەوە ترۆری بازاڕی خۆراک ،بۆ نمونە زۆر لە وڵاتانی ئەفریقیا پێش ٥٠ ساڵ خاوەن گەورەترین سامانی ئاژەڵی بون بەڵام بەھۆی لافاوی خۆراکی دعم کراو (subsidized) ی وڵاتانی بەرھەمھێنەری

ڕۆژئاوایی بۆ بازاڕی وڵاتەکانیان خەڵک ناچار بوو واز لە کاری ئاژەڵداری بھێنێت ،چونکە زۆر گران تر دەکەوت لەسەر یان لەچاو ئەو خۆراکەی کە لە بازارەکاندا ھاوردە دەکرا ، ئێستا ئەم وڵاتانە لە بەرھەم ھێنەرەوە بوون بەکاربەری بازاڕی خۆراکی بێگانە بەمە بازاری کاڵاکانی نیشتمانی خۆیان تەواو ترۆر کرا ھەمان حاڵەت وەک نمونە لەعێراق بە کوردستانیشەوە بەئاشکرا دەبینرێت. لەسەر ئاستی جیھان ، ئەمڕۆ ھەموو مرۆڤەکان قوربانی ترۆری بازاڕن واتە بازاڕی کاڵاکان ترۆریان دەکات و ئەوانەی لەبازاڕدا باڵا دەستن لەڕاستیدا کاری ترۆر ئەنجام ئەدەن دووبارە بەتایبەت لەجھانی سێھەم . چونکە خەڵکانی جیھانی سێ دوو جار دەبنە قوربانی ترۆری بازاڕ بەھەردوو ماناکەی کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێ کرد، یەکەم ترۆری بازاڕی نیشتمانیان کە لەلایەن ھێزە بەرھەمھێنەرەکانی بێگانەوە بە ھاوکاری کەسان و لایەنە بە کرئ گیراوەکانەوە ترور دەکرێ ئەمجار بازاڕی ناوخۆشیان کە بۆ ھەر کاڵایەک گرنگ بئ لەلایەن دیسان کەسانی بەکرێگیراو (comprador) کە بازاڕیان پاوان کردووەو بوونەتە میری بازار گرفانیان ترۆری ئەکرئ . لە ڕاستیدا ھاوڵاتیانی دنیای سێ رۆزانە لە چەندەھا لاوە ترۆر دەکرێن،بازاری دکتۆرو دەرمان لە جیاتی چارەسەر ترۆر دەکات ، کام نەخۆش و کەس ھەیە پاش سەردانی دکتۆرو دەرمان خانەکان ھەستی بە ترۆر نە کردبئ و گرفانیان بە تال نە کردبئ بە ھۆی نەبوونی ھیچ ئاسایش و زەمانەتێکی تەنددروستیو کۆمەلایەتی . ئەوانەی دەستیان بەسەر کەرتی خۆراک ، نیشتەجێ بون، خزمەت گوزاری ، وزە وە پەیوەندیەکاندا گرتووە بەردەوام ترۆر دەکەن لەسەرویانەوە بەناو دەسەڵات داران کە سیاسەتیان کردۆتە رێگا یەک بۆ بازرگانی و بوون بە میری بازار دوو جار تاوانی ترۆر ئەنجام ئەدەن ، جارێ بەترۆری بازاڕی نیشتمانی خۆیان وە جارێ بەترۆری گرفانی ھاوڵاتیان بەبەھای گرانی ئەم کاڵایانەی لەوڵاتانی بێگانەوە ھاوردەی دەکەن. ھەموو ئەم ترۆرو تاوانانەی بازار لە ژێر ناوی بازاری ئازادەوە ئەنجام ئەدرئ کە ھیچ بەھایەکی انسانی وە ھیچ پێوەرێک بۆ ژیان و توانای ئابووری خەلک لە بەر چاو ناگیرئ جگە لە ترۆری دارایی و گوزەرانی خەلک لە لایەن میرەکانی بازارەوە .

لەبەرئەوە زۆر بە ئاشکرایی دەبینن، ھەموو ئەوانەی لە وڵاتانی جیھانی سێھەم لە بازاڕدا رۆڵێکیان ھەیە بەردەوام بە کاربەران و کریاران ترۆر ئەکەن ، ئیتر ھاوڵاتی بێ چارە کە لە ھەموو لایەکەوە بۆتە ئامانجی ترۆر وە رۆژانە تروریستانی بازاڕ تروری دەکەن ئەبێ چۆن بتوانێت بەرەنگاری ژیان بێتەوە?. ئەمە پرسیارێکی نیشمانی و جیھانیە کە دەشێ نەتوانرێ وەڵامەکەی دروست بدرێتەوە بەڵام ئاکامی تروری ھەمە لایەنەو رۆژانە دژی ھاوڵاتیانی جیھان بە تایبەت تر ھاوڵاتیانی جیھانی سێھەم ئەمەیە کە دەیبینین چۆن لە دۆزەخی ترۆری بازار رادەکەن. جەنگ و ترۆری بازاڕ بەردەوامی ھەیە وە دەبێت لەسەر ھەموو ئاستە نیشتمانی و جیھانیەکان بەڵام گرنگ ئەوەیە: چۆن بتوانرێ خۆ ڕزگار بکرێ لەترۆری بازاڕ وە بازار بەجۆرێ فۆرم بکرێ وە رێک بخرئ کە بگونجێ لەگەڵ بەھا مرۆڤایەتیەکان ولە بەرچاو گرتنی بنەما دادپەروەریەکان ، ھەموو بەھاو ئازادیەکانی تری انسان نەبنە قوربانی تەنھا ئازادی بازار وە بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیانی جیھان ھەست نەکەن کە بە ھەڵە ھاتونەتە ژیانەوەو زیادەن لەبازاڕ و ژیان ?.

ناونیشانی ئەم وتارە دەبێتە کیتابێ بە زمانی ئینگلیزی ئەگەر بوارو کاتی گونجاو ھەبێت بۆ نوسینی.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085