پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرایدەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان یاری بەموقەدەراتی ھاوڵاتیان دەکات و لەبەرامبەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمیش موچەی فەرمانبەرانی بە بارمتە گرتووە، دەشڵێت:" لەکۆتایی ئەو یارییە نزیکدەبینەوەو خاڵی کۆتایی دادەنێین".
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەبڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، ژمارە حسابی بانکی خرایە ژێر دەسەڵاتی وەزیری دارایی، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی ئەو وەزارەتە، ھیچ پارەیەکیان لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران.
فایەق مستەفا ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ڕەتیکردەوە ھیچ پارەیەک خرابێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچەو وتی:" ئەگەر پارەو داھاتی نەوت بخرایەتە سەر ئەو حسابە نوێیە، موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی ھەرێم دابەش دەکرا".
لەبارەی موچەی مانگەکانی رابردووی فەرمانبەرانیش، فایەق مستەفا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان وتی:" ھەرچۆنێک لێکی بدەینەوە، تەنانەت بەو ژمارانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەیانخاتەڕوو، کە پێمان وایە زۆر زیاتر ھەیە لەو ژمارانە، بەشی دوو موچە زیاتر پارە ھەیە".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ھیچ کۆسپ و ڕێگرییەک لەبەردەم ڕێکەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکەدا نییە، تەنانەت دەنگۆیەکیش نییە بۆ پەشیمانبوونەوەی کۆمپانیاکە، دەشڵێت:" ئەو کۆمپانیایە بەردەوامە لەپێدانی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ھەفتانە بەھەرێم کەچی پارەکە دیار نییە".
سەبارەت بەو زانیاریانەشی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ پەرلەمانتاران خراوەتەڕوو، فایەق مستەفا وتی:"بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەچەند مانگی ڕابردوو حکومەت بۆ ئێمە ئاشکرایکردووە، دەبوو ئێستا موچەی یەک مانگ قەرزاری فەرمانبەران بوایە نەک سێ مانگ".
لەبارەی ھۆکاری دابەشنەکردنی موچەی فەرمانبەرانیش وتی:"لەلایەن پارتییەوە یاری بە موقەدەرات و قوتی ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکرێت و موچەی فەرمانبەرانیشی لەبەرامبەر دۆسیەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە بارمتە گرتووە".
سەبارەت بە ھەوڵەکانیشیان بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و کۆتاییھێنان بەو دۆخەی ئێستا لەھەرێم دروستبووە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتی:" کۆتایی ئەو یارییە نزیک بۆتەوەو دەبێت ھەموو ئەو لایەنانەشی لەخەمی ھاوڵاتیاندان، خاڵی کۆتایی دابنێن و بڵێن ئیتر بەسە".
