ئەندامێکی لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگە بەھیچ لایەنێک نادەن ھێزی چەکدار بھێنێتە سلێمانییەوە بەناوی پاراستنی بارەگا و دەشڵێت"ھێزە ئەمنیەکان فەرمانی دادوەریان پێیە بۆ دەستگیرکردن".بەختیار عەبدولرەحمان قائیمقامی سلێمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگاکە، ڕایگەیاند:ھێزە ئەمنیەکان لەسلێمانی فەرمانی دادوەریان پێیە بۆ دەستگیرکردنی ھەر کەسێک کە ھەوڵی نانەوەی پشێوی و پەلاماردانی بارەگا و دام و دەزگا و شوێنە گشتیەکانی لایەنە سیاسیەکان و حکومەت و موڵکی ھاوڵاتیان بدات.
وتیشی: داواکارین لەھاوڵاتیان کەبەشێوازێکی ھێمنانە و ئاشتیانە و بەرێگای یاسایی داوا ڕەواکانیان پێشکەش بکەن دور لەتوندوتیژی خۆپیشاندان بکەن، بۆئەوەی داواکانیان و ئامانج خوپیشاندانەکانیان بەدی بێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا کە بارەگای لایەنە سیاسییەکان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە پارێزراون و دەڵێت:ڕێگە بەھیچ لایەنێکی سیاسی نادرێت بۆھێنانە ناوەی ھێزی چەکدار بۆ سلێمانی بەناوی پاراستنی بارەگاکانیەوە.
قائیمقامی سلێمانی ئاشکراشیکرد کە لەخۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانیشدا چەند کەسێک دەستگیرکراوە کەھەوڵی توندوتیژیانداوە و دواتر زۆربەشیان ئازادکراون.
