نوێترین

recent

11/10/2015

سەرۆک دەوڵەتت بۆ چییە؟

غازی حەسەن


ئەم وتارەم نە لە بێ ئومێدییە و نە لە دژایەتی هیچ کەس و لایەنێکە، بەڵام دەزانم لەواتەی جەنابتان بە کردەوە و بە ئومێدەوە کار بۆ پێکهێنانی زەمینەی دەوڵەتی کوردی دەکەن و ترسی ناوهێنانی کوردستان و ئینجا دەوڵەتی کوردیت، نەک هەر لە دونیا تێکشکاند، بەڵکو وڵاتە داگیرکەر و دوژمنەکانیشت لەوە راهێنا کە ئیدی باسکردنی دەوڵەتی کورد، واقیعە و پێویست ناکات لێی بترسن.


هەنووکە، وەکو پڕۆژە بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرا و لەبەردەم سەرۆکی وڵاتە گەورەکانی دونیا و وڵاتە عەرەبییەکانەوە، تۆ شکۆی باسکردنی دەوڵەت و خەونی بەدیهێنانی دەوڵەت دەچەسپێنیت، کەچی لە ناوەخۆ دەکرێتە پرۆژە بۆ خۆ شکاندن.


بەداخەوە، لەو رۆژەی تۆ باسی کارکردنی بەکردەوەت لە پێناو پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بۆ حزبە سیاسییەکانی کوردستان کردووە و، ئەوانیش، کە تا ئەو کاتە پێیان وابوو ئەم باسە هەر قسە و باسی سیاسییە، کە تێگەیشتن ئیدی تۆ بەکردەوە دەتەوێت ئەوە بکەیت و زەمینەی ئەو دەوڵەتە سازا بدەیت، بەداخەوە، هەندێک لەو لایەنانە کەوتنە دروستکردنی قەیرانی سیاسی و کێشەی سیاسی دیکە.


تا گەیشتە ئەوەی کەجەنابتان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆکاری قەیرانی کوردستان بزانن و ئەم قسەیەش بێ شەرمانە و راشکاوانە لە راگەیاندنی فەرمی دەکەن و خەڵک هان دەدەن، کە حکوومەتی کوردستان شۆڕشی دژ بکرێت.


جەنابی سەرۆک، دەزانم ئێوە لە قۆناغێکی مێژوویی گرینگ و چارەنووسساز بیردەکەنەوە و بڕیار دەدەن، دەزانم ئێوە خەریکی پرۆژە گەورەکانی رۆژهەڵات و بەدەستهێنانی پێگەی باڵاترن بۆ کوردستان، ئێوە دەتانەوێت ناکۆییەکان لە بیر بکەن و پەیوەندیی نێوان کورد لە پارچەکان بە‌هێز بکەن، ئا لەو کاتە ناسکەدا، هەندێک لایەن، وەکو ئەوەی هاندانی خەڵک بە دەستکەوت و تێکشکاندنی شکۆی حکوومەتی هەرێم بە دیموکراسی بزانن، دەیانەوێت نیشانی بدەن کە تۆ لە پێناو کورسییە کاتی و بێ دەسەڵاتەکەت پێداگری دەکەیت، بەداخەوە لە سەردەمی شەفافیەتدا، ئەو لایەنانە دوژمنەکان و پرۆژە مەترسیدارەکانی بەغدا و ئێران و هەندێک لایەنی دیکەیان لە بیر کردووە و دەیانەوێت بە هاووڵاتیانی کوردستان بڵێن؛ حکوومەت سزای خەڵک دەدات و مووچە بەئێوە نادات. بەڵێ جەنابی سەرۆک، پرسیاری سەرەکیم ئەوەیە، ئەرێ لەم حاڵەتە گرژ و تێکچرژاوە و قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەدا دەوڵەتی کوردستانیت بۆ چییە؟


تۆ مێژووت لە گەڵدایە، تۆ دەتوانی کوردستان لە ئەنجامی رووداوەکانی سلێمانی و قەلادزێ لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوەخۆیی بپارێزیت. تۆ مێژووت لە گەڵدایە و دەتوانی درێژە بە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بدەیت. هەر تۆش دەتوانیی بڕیار بدەیت و ئەم کێشانە یەکلا بکەیتەوە. هەر تۆ دەزانیت بە هاتنە ناوەوەی روسیا بۆ ناو سوریا چ دەقەومێت. هەر تۆش دەزانیت هەندێک لایەن، بۆ تێکشاندنی پرۆژەی دەوڵەتی کوردی، چ ئاژاوەیەک دروست دەکەن. بۆیە، تکایە بۆ بەهێز کردنی پێگەی پێشمەرگە و دابینکردنی نانی خەڵک و دەوڵەتی کوردستانی بەردەوام بە، تۆ پێشمەرگە و مێژوو و ویژدانت لەگەڵ دایە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085