بەكر بایز قایمقامی قەڵادزێ رایگەیاند لەناو ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان تەقە لەخۆپیشاندەران كراوە، كە بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداو 18 كەسی تریش برینداربوون.
بەكر بایز قایمقامی قەڵادزێ لەبارەی خۆپیشاندانەكەی ئێواری دوێنێ هەینی لەشاری قەڵادزێ ڕایگەیاند : خۆپیشاندەران سەرەتا لەنا بازاڕەوە دەستیان بەخۆپیشاندانو ناڕەزایی كرد، بەڵام دواتر لەدرەنگانێكی ئێوارەدا ئاراستەی خۆپیشاندانەكە گۆڕا، كە خۆپیشاندەران بە بەردو دار هێرشیان كردە سەر بارەگای ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان.
بەكر بایز وتیشی: دوای ئەوەی هێرشكرایەوە سەر ناوچەی پارتی، دەستكرا بەتەقە، كە تەقەكان لەناو بارەگای ناوچەی پارتییەوە كراو لەئەنجامدا قوربانی لێكەوتەوە.
هاوكات لەبارەی ئاماری قوربانییەكان، عوسمان محەمەد جیگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بەشارپرێسی راگەیاند "ژمارەی ئەوانەی بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە گیانیان لەدەستداوە دوو كەسە، كە بەهۆی گولەوە گیانیان لەدەستداوە".
عوسمان محەمەد راشیگەیاند، هەر بەهۆی گرژییەكانی خۆپیشاندانەكەی قەڵادزێ 18 كەس برینداربوون، كە هەیانە بەهۆی گولەوە برینداربووەو هەشیانە بەهۆی بەردەوە برینداربووە.
بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بارودۆخی تەندروستی دوو بریندار خراپ بووەو رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراون.
خۆپیشاندانەكەی قەڵادزێ دوای ئەوە گرژی تێكەوت، كە خۆپیشاندەران بە بەرد هێرشیانكردە سەر بارەگای ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانو دواتر بە تەقە وەڵامدرانەوە، كە تا درەنگانێكی شەوی رابردوو بەردەوامبوو بارەگای ناوچەی پارتیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا.
