لە ئاوێنە وەرگیراوەمستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "كاك مەسعود بەفیعلی دەسەڵاتدارە".
ئا: ئیحسان مەلا فوئاد
ئاوێنە: كێ لەم دۆخە بەرپرسە كە دروستبوە؟
مستەفا چاوڕەش: دۆخێك هاتۆتە پێشەوە هەمومان بەرپرسیارین، بەتایبەت ئەوانەی لەرابردودا ماندوبون، ئێستا دڵی هەمو خەڵكی پڕە لەنیگەرانیی، تەماشای شەقام بكە، گوێ لەهەر كەسێك دەگریت بێزارە، ئەوەتا ژیانی خەڵك واقورس بوە بەلێشاو ڕودەكەنە دەرەوە، ئەگەر ژیانیان خۆشو مورتاح بێت ناچنە دەرەوە، ئاو نییە كارەبا نییە، شەقامەكان وێرانن. ئەم پرسانە بەدروشمو بەتوندڕەوی تەواو نابێت، دەبێت هەمومان دابنیشین، من وەك شەخسی خۆم دڵم خۆش نییە بەم دۆخەی كە كۆبونەوە لەسەر كۆبونەوە دەكرێتو خەڵك تەواو بێزار بوە.
ئاوێنە: ئایا ناكرێت ئەو پرسە گرنگانە لەپەرلەمان یەكلایی ببێتەوە؟
مستەفا چاوڕەش: پەرلەمان راستە نوێنەری خەڵكە، بەڵام دەنگی هەمو خەڵكی بەدەست نەهێناوەو 60% خەڵك دەنگیداوە، ئیتر ناتوانین بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی هەمو خەڵك دەكات، باشە خەڵك بەگشتی گرنگترە یان ئەو 60% دەنگەی كە هێناوێتی. پەرلەمان بۆ ئەوە دامەزراوە بڕیاری باشی تێدا بدرێت، بۆ دەكرێت ئەگەر یەكێك لەحزبەكان قسە بكاتو هەموی دژی بێت؟ لەدونیادا پەرلەمانی وا بونی نییە، چونكە سەركردەی حزبەكان كە بڕیار دەدەن، دەبێت پەرلەمانتاران گوێیان لێبگرن، چونكە ئێمە هەڵمانبژاردونو من چوم كۆڵان بەكۆڵان بەماڵاندا گەڕاومو دەنگم بۆ كۆكردونەتەوە، ئەوانەی پارتیش هەروەها، ناكرێت ئەوانەی كە لەپەرلەمانن بەكەیفی خۆیان بكەن، بەڕاستی خەڵك لەهەمو حیزبەكان بێزارە.
ئاوێنە: دەوترێت پارتی دو پاكێجەكەی چوار حزبەكەی رەتكردۆتەوە، ئێوە قسەتان چییە؟
مستەفا چاوڕەش: وابزانم برادەرانی پارتی زۆر لەو دو پاكێجە مورتاح نین، هەرچەندە بەتوندی رەتیان نەداوەتەوەو 6ی مانگی داهاتو كۆبونەوە دەكرێتو تەمەنا دەكەم بگەنە ئەنجامو دڵی خەڵك خۆش بكەن، ئێستا خەڵك لای گرنگ نییە كێ سەرۆكی هەرێمە، خەڵك نانی نییەو ژیانی دەوێت، ئەوەتا سێ مانگە موچە نەدراوە.
ئاوێنە: كێ بەرپرسە لەمە؟
مستەفا چاوڕەش: هەمو حزبەكان بەرپرسن، پارتی لەسەروی هەمویەوە كە دەنگی زۆرینەی هەیە، هەروەها یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵاو یەكگرتوش. ئێستا ئێمە لەشەڕداینو شەڕی هەمو دونیا دەكەینو لەولاوە هەمو وڵاتان هاتون بونەتە پشتوپەنامانو دادەنیشن لەگەڵماندا بۆ رێككەوتنو نابێت كارێكی وا بكەین بەجێمان بهێڵنو ئێمە لەبەرەكانی جەنگین دەزانین گرنگی ئەوان چەندە، كەچی ئێمە وادەزانین خۆمان هەمو شتێكین، تەماشای چواردەوری خۆمان ناكەین كە رۆژێك لەرۆژان دەرگاكان دابخەن توشی گەورەترین قەیران دەبین. جارێ ئێمە كێشەكانمان لەگەڵ عێراقدا یەكلایی نەكردوەتەوەو هەر خەریكی كێشمەكێشو ناكۆكی نێوان خۆمانین، كاتێك ئەو دەبینێت ئێمە لاوازین، دێت هەمو بوارێكمان لێ كەمدەكاتەوە، ئەوەتا بودجەمان كەمدەكاتو باسی هەمو بوارەكانی تریش دەكات.
ئاوێنە: ئەگەر كۆبونەوەكان نەگەیشتنە ئەنجام چی رودەدات؟
مستەفا چاوڕەش: بۆ ئێستا چی رویداوە؟ ئەوەتا هەمو شتێك لەشوێنی خۆیدایە، كاك مەسعود هەر سەرۆكی هەرێمەو لەشوێنی خۆیەتی، بۆ كاتێك وەفدێكو نوێنەری وڵاتان كە دێت بۆ هەرێمی كوردستان دەچێت بۆ لای كێ؟ بەدڵنیاییەوە دەچن بۆ لای بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. وەك باسی دەكەن گوایە بۆ دو مانگ سەرۆكی پەرلەمان جێی سەرۆكی هەرێم دەگرێتەوە، بۆ تا ئێستا چەند كەس بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە چوە بۆ لای سەرۆكی پەرلەمان؟ تائێستاش دەسەڵات هەر لای كاك مەسعودە، ئینجا ئەگەر ئەم دو مانگەش تەواو بێت كە مانگێكی تەواو بوە، ئۆتۆماتیكی دیسانەوە دەسەڵات دەچێتەوە لای كاك مەسعود.
ئاوێنە: ئایا ئێوە لەگەڵا ئەوە نین هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت؟
مستەفا چاوڕەش: ئێمە وەكو یەكێتی كە دەڵێین هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت، پارتیش مانعی نییە، پێنج شەش مانگ جارێك كە بۆشاییەك دروست دەبێت ئەوان كێشەیان نییەو هەر كارەكان لای خۆیانو ئەو حكومەتو سەرۆكی هەرێم دەبێت، رەنگە پارتی سود لەو دۆخە ببیننو هەرچیشیان هەیە سەرفی دەكەن بۆ ئەوەی دەنگێكی زیاتر بهێنن، ئەوكاتە ئەمەی كە هەیە كەمتر دەبێتەوە، لەبەرئەوە دەبێت ئێمە دابنیشین پێكەوە، ئەوەتا داعش بەرۆكی گرتوینو شەڕ تەواو نەبوە، دەبێت چیتر كوڕی خەڵك بەكوشت نەدەینو هەمومان یەكگرتو بین بۆ ئەم شەڕو مەترسییە، چونكە لەشەڕدا دەبێت میللەتو نێوانی لایەنەكان یەكڕیز بێت، وەكو لایەنەكانیش لەناو خۆماندا یەكڕیز بین، بۆ ئێمە وەكو یەكێتی لەناوخۆماندا وەزعمان زۆر جوانە، بۆیە زۆر پێویستە یەكدەنگ بین.
ئاوێنە: بۆچی تا ئێستا چوار لایەنەكە لەدوای 19ی ئاب بەفەرمی نەیانوتوە بارزانی سەرۆكی هەرێم نییە؟
مستەفا چاوڕەش: كاك مەلا بەختیاریش وای وت، وتی تائێستا هیچ كەسو هیچ حزبێك بەفەرمی نەیوتوە مەسعود بارزانی سەرۆك نییەو منیش وا دەڵێمو كەسیش راینەگەیاندوە كە سەرۆك نییە، بۆ كەسی تر خۆی كاندید كردوە تاوەكو بكەوینە ئەو كێبڕكێیەوە؟ هەرچەندە من ناڵێم كەس نییە لەكورددا خۆی كاندید بكات، بەڵام ئایا ئەم دۆخەی ئێستا كاتی ئەوەمانە شەڕی ئەوە بكەین كێ سەرۆكەو كێ سەرۆك نییە؟ ئەوەتا خەڵك نانو ئاوو ژیانی نییەو بەحزبەكان دەڵێن ئەمانە بازرگاننو خەریكی نەوت فرۆشتننو دوكانیان داناوەو بون بەكۆمپانیا، تەماشای ئێمەومانان مەكە رەنگە تائێستا موحتاج نەبوبین، بەڵام خەڵك چاوی هەیەو لەتەحەمولیا نەما، بەتایبەت سلێمانی شارێكی زیندوەو دەزانن چی دەكەیتو چی ناكەیت. هیوادارم هەمومان بەخۆماندا بچینەوەو كەس خۆی پێ عەنتەر نەبێ، وا بكەین دەرگایەك بكەینەوە كە لەم قەیرانە رزگارمان بێتو دڵی خەڵك خۆش بكەین.
