بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رەتیدەکاتەوە ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە پەتای کۆلێرا لەو شارە تۆمار کرابێت و راشیدەگەیەنێت: ھەر وڵاتێک سیستمی ریسایکلین پەیڕەو نەکات، لەو پەتایە بەدوور نابێت.
کەناڵێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، کەسێکی خەڵکی سلێمانی دووچاری پەتای کۆلێرا ھاتووەو ئێستا لە نەخۆشخانەی کەرکوک چارەسەر بۆ دەکرێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیەشەوە، د. میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، رەتیکردەوە ھیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە لە سلێمانی تۆمارکرابێت، وتی: ئەو کەسەی کە گومانی توشبوون بە کۆلێرای لێدەکرێت، بە سەردان چووەتە کەرکوک و لەوێ تووشی سکچوون بووەو ھیچ ئاماژەیەکیش بۆ دووچاربوونی بە کۆلێرا نییە.
ماوەی چەند رۆژێکە پەتای کۆلێرا لەچەندین شاری عیراقدا بڵاوبووەتەوەو بەگوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عیراقیش، تائێستا ژمارەی توشبووانی پەتای کۆلێرا گەیشتووە (٥٣٣) کەس، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەھۆی ئەو پەتایەوە تۆمارنەکراوە.
لەبارەی رێوشوێنەکانیش بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، بەڕێوەبەری گشتی تەندورستی سلێمانی، روونیکردەوە کە ھەموو رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر و بەردەوامیش لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی سلێمانی و دەوروبەر لە پەیوەندیدان و داوایان لێکردوون لەپێناو سەلامەتی ھاوڵاتیان، رێژەی کلۆر لەئاوی ماڵاندا دەبێت نیو PPM بێت.
د. میران، دانیشتوانی سلێمانی دڵنیاکردەوە کە شارەکە لە مەترسی پەتای کۆلێرا بەدوورەو سەلامەتە، لەبارەی ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەش، رایگەیاند: لەھەر وڵاتێکدا ئەگەر سیستمی ریسایکلینی ئاو پەیڕەونەکرێت و ئاوەڕۆی ماڵان پاکنەکرێتەوەو بۆ ئاودانی سەوزایی بەکاربھێنرێت، ئەوا بوونی ئەو نەخۆشیانە ھەمیشە بەردەوام دەبێت.
جێی ئاماژەیە، تائێستا عیراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە سیستمی ریسایکلینی ئاو پەیڕەو ناکات.
