لە دوای ئازادكردنەوەی گوندە داگیركراوەكانی هەردوو میحوەری باشور و رۆژئاوای كەركوك، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی عەرەبی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە.
عەقید رواڵ عەلی، فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای دووی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، رایگەیاند : "لە دوای ئازادكردنەوەی گوندە داگیركراوەكانی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركوك، لە رۆژی 30ی ئەیلوی 2015 دا، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتی عەرەبی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كرد".
وتیشی: "سەرجەمی ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی كە خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە ژمارەیان 477 هاوڵاتییە، پێكهاتوون لە خەڵكی گوندەكانی گوبێبە، موزیرییە، عەسرییە، روبێبە، خەرابەڕووت و سمایل ئاوا".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ئێستادا سەرجەم ئەو هاوڵاتیانە لە شوێنێكی دیاریكراودا، لە نزیك هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چاودێریدان، چونكە لە ناویاندا چوار چەکداری داعشیان گرتووە و گوماندەکرێت چەكداری زیاتریش بوونی هەبێت، هەربۆیە جێگەی مەترسین و دەبێت سەرەتا دەستگیربكرێن".
