

نەجیبە نەجیب ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بودجەی ساڵی 2016 نزیكەی 100 ملیار دۆلار دەبێت و پشكی دامەزراندنیشی تێدا دەبێت، بەتایبەتی بۆ وەزارەتە سەربازی و خزمەتگوزارییەكان.
وتیشی:" تائێستا ژمارەیەكی دیاریكراو لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە چەندین پلەی دامەزراندن بۆ وەزارەتەكانی، ناوخۆ، بەرگری، تەندروستی و پەروەردە دەبێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق باسی لەوەكرد، بەپێی دەستور دەبێت پشكی هەرێمی كوردستانیش لە دامەزراندن هەبێت، بەڵام بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدادەوە، رەنگە هەرێمی كوردستان نەتوانێت كەس دابمەزرێنێت.
نەجیبە نەجیب ئەوەیشی خستەڕوو، كە پێشبینی ئەوە دەكات، وەفدێكی هەرێمی كوردستان بگاتە بەغداد بۆ یەكلایكردنەوەی بابەتەكە و جێبەجێكردنی دامەزراندنیش پەیوەست دەبێت بەو رێككەوتنەوە.
ساڵی رابردوو حكومەتی عێراق بڕیاری دامەزراندنی 55 هەزار كەسی دەركرد، كە بڕیاربوو 4500 كەسیش لە هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستانەوە بڕیارەكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكرا.