نوێترین

recent

03/11/2014

چوونی هێزی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبانێ

د. سۆران جەمال تاهیر

دوای هاتنی تیرۆریستەکانی داعش و داگیرکردنی شاری موسڵ و شەنگال و ناوچەکانی تری عیراق گۆڕانکاری گەورە لەسنوری جوگرافی و سیاسی و ئابوری ئەو ناوچەیە دروستبووە، وە ئێستا کورد لە جەنگێکی نەخوازراوی دوور مەودایە، ئەو کاولکاری و نەهامەتی و کوشتارەی لەسەر دەستی ئەم گروپە کۆنەپەرست و قین لەدڵە دروستبووە هاوشێوەی کەمە لەمێژووی دنیادا مەگەر تەنها لەسەردەمی کۆنەپەرستی و جەنگە جیهانییەکان و سەردەمی رژێمی فاشی سەدام بینرابێت.
نایەمە سەر زەرەرو زیان و ئەنجامەکانی ئەم جەنگە، ئەمەوێ سودی گەورەی ئەم جەنگە باس بکەم کە ئەویش هاوکاری و برایەتی و پاڵپشتی کوردان و پێشمەرگەی هەرچوار پارچەی کوردستانە لەپێناو پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.
مانگی رابردوو وەتاکو ئێستاش ئەوکاتەی شەڕ بەرۆکی گرتبووین لەشەنگارو مەخمورو جەلەولاو ناوچەکانی تر دەمانبینی شەرڤانان و گەریلا چۆن هاتبوون هاوکاری پێشمەرگەیان دەکرد لەباشوری کوردستان، ئەوەتا ئەمڕۆش کۆبانێ لەرۆژئاوای کوردستان بووە بە ستانلینگرادی کوردستان و ماوەی ٤٨ رۆژە قارەمانانە دیفاع لەخاک و شەرەفی کوردان دەکات.
هەر لەسەرەتاوە کوردانی هەرچوار پارچەو بەتایبەت باشوری کوردستان بەسەرجەم پارتە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمیش ئەوەی بۆیکرابێت هاوکاری دەنێرێت بۆ کۆبانێ کە ئەم راستییە پێویستە هەموو جیهان بیزانێ کە کورد لەهەر شوێنێکبێت لەهەر کاتێکبێت درێغی ناکات لەهاوکاری یەکترو بەدیهاتنی خەونە دێرینەکەی کە گەیشتنە بەمافی رەوای دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
رۆشتنی ئەو ژامرە پێشمەرگەیە بەچەکی قورس و مام ناوەند بۆ کۆبانێ گەلێ ئاماژەی گۆڕانکاری گرنگمان پێدەڵێت، بەتایبەتی لەگۆڕانکاری و ئاسانکاری لەسیاسەتی وڵاتی تورکیا کەرێگەیدا خاکی ئەو وڵاتە بەکاربێت و هێزی پێشمەرگەی پێدا تێپەربێت.
سەرەڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بەڵام ئەوەی کەزۆر نامۆ بوو بۆم پیشاندانی وردەکاری ئەو هێزەو جۆری چەک و کاتی رۆشتن و تێپەربوون و سازدانی ئاهەنگ و یاری ئاگرین (fire work) و کاتێ چوونە ناو کۆبانێ و روونکردنەوەی بەرنامەی هێزەکەی بوو لەشاشەی تەلەفزیۆن و گرنگیپێدانی زیاد لەپێویست بوو، کە ئەمە ئەکەم بەرەخنەیەک و ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەم لەبەر ئەم هۆکارانە:
١- ئەم زانیاریانە دواجار دەبێتە هۆی نەپاراستنی گیانی پێشمەرگەو ئاشکراکردنی زانیاری بۆ دوژمن.
٢- دەرخستنی ئاڵای زەردو جامانەی سور دەبێتە هۆی بەحزبیکردنی ئەو بەشداریکردنە.
٣- لەرووی سەربازی ئەگەر دوژمن ئەو زانیاریانەی لەرووی سەربازی بۆ ئاشکرانەبوایە ئەوا حسابی زۆرتری دەکرد بۆ ئەو بەشدارییەو لەرووی مەعنەوی و سەربازی ورەیان ئەروخاو ئەنجامی شەڕەکەی زیاتر بەلای شەڕڤانان دەشکایەوە.
٤- لەهەموو جیهاندا لەکاتی سەرکەوتن و هاتنەوەی جەنگاوەرەکان لەبەرەکانی جەنگ ئاهەنگ سازدەکەن و خۆشی خۆیان دەردەبڕن.
هیوادارم لەداهاتوودا بەشداری و هاوکاری هەرلایەک بۆ هەر بەشێک لەپارچەکانی کوردستان وردەکارییەکەی تەنها بۆ وەزارەت و لایەنی پەیوەندیداری سەربازی بەجێبهێڵرێت، وە زانیارییە گشتییەکانی تەنها بەهەواڵ بدرێت بە هاوڵاتیان، وە هەوڵبدەن ئەو وردەکارییە لەسیاسەت و بەرنامەی نەوت و داهات و خەرجی و ئاستی وەبەرهێنان لەبواری نەوت بۆ هاوڵاتیان پێشکەشبکەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085