
تەحسین شوانى*
لەنێو یەکێتى ئەگەر کەسێک بۆى هەبێت رەخنە بگرێت، ئەوا کەسوکارى شەهیدانى سەنگەرن، لەو روانگەوە وەک کورە شەهیدێکى یەکێتى مافى خۆمە رەخنە بگرین و گومان بکەین. کە بەڵگەى حاشا هەڵنەگرم هەیە، ئەویش سیاسەتى چاندنى کادیرە لەنێو حزبەکانى تردا لە لایەن پارتییەوە، پارتى بەهۆى هەژموونى لە دەسەڵات و پارە و پولەوە ئەزمونێکى زۆرى هەیە لە شەقکردنى حزبە نەیارەکانى و نانەوەى کێشە و گرفت و زەقکردنەوەى تەکەتول و لاوازکردنى ئەو حزبانە، دوایین هەوڵى پارتى لەوبارەوە (عارف روشدى) بوو، کە پارتى لە نێو یەکێتیدا قەڵەوى کرد و دواتر بردیەوە ناوخۆى!
عارف روشدى لە موسڵ، سیاسەتێکى پەیرەوکرد کە خەڵک لە یەکێتى بێزار بوون، تا دواجار لە ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ یەکێتى کردە ئۆپۆزیسیۆن و بەو هەڵوێستەى حزبى بێ بەشکرد لە هەموو پۆست و پایەیەک و یەکێتى کردە حزبێکى بێ دەسەڵات.
ئەوەى هەستى پێدەکەم لە کەرکوک ئەم ئەزموونە دووبارە دەبێتەوە، چوونکە هەڵسوکەوتى د.نەجمەدین زۆر لە هەڵسوکەوتەکانى روشدى دەچێت، ئەویش چۆن؟
دکتۆر نەجمەدین مێژوویەکى دوورى لەگەڵ پارتى هەیە، بەتایبەتى کە لەسەردەمى شاخ پزیشکى تایبەتى مەلا مستەفا بووە و لە ئەمریکا لەگەڵى بووە و خوێندن و ژیانی ئەمریکاشى هەر لەسەر ئەرکى پارتى بوو، واتە: کاریگەرییەکى زۆرى پارتى بەسەرەوەیە، کەچى زۆر بە زوویی کەوتە نێو یەکێتى و پلەى باڵاى وەرگرت، لەکاتێکدا مێژوویەکى ئەوتۆى نییە لە نێو یەکێتیدا! لەماوەى رابردوودا د.نەجمەدین هەرایەکى گەورەى نایەوە لە کەرکوک کە بە قازانجى پارتى شکایەوە، وەک: پێشوازیکردن لە نورى مالیکى، پشتگوێخستنى لایەنە کوردیەکان، رەزامەندى نیشاندان بۆ رۆڵبینینى زیاترى سوپاى عێراقى لە کەرکوک، کە پارتى کردى بە کەرەستەى هەڵبژاردن و دژ بە یەکێتى بەکاریهێنا.
دکتۆر نەجمەدین بەپێى بەرنامەیەک هەموو تواناى سیاسى و ئیعلامى و ئابورى یەکێتى بەرەو کەرکوک ئاراستە کرد، بەمەش یەکێتى لە هەرێم دادەبرێت، هەموومان دەزانین کەرکوک گرەوى لەسەر ناکرێت، چوونکە "تەڵە و داوى"ى حکومەتى عێراقى و شۆڤینیەکان دەزانین چۆنە و ئەستەمە یەکێتى بە تەنیا بتوانێت لەو داوە رزگارى ببێ. ئەو دەستە جێى گوومانە کە شەرى مانەوەى یەکێتى لە کەرکوک دەکرێت، چوونکە کەرکوک بەرەیەکى نا ئارامە، من نازانم دکتۆر نەجمەدین تا چ ئاستێک دەیەوێ بچێتە پێش لەناو (ى.ن.ک) نازانم بۆ دەیەوێت دۆخەکە بە ئاراستەیەک ببات کە خزمەت بێ بە پارتى؟
گومانى من لەوەوە دەست پێ دەکات پارێزگار گوێ بۆ گلەیی خەڵک ناگرێت، خەڵک نابینێ، ئەوەشى دەیکات بە زیانى یەکێتى و سوودى پارتى دەکەوێتەوە، ئەوەش جێگەى گوومانە کە دکتۆر نەجمەدین پەیوەندییەکى تایبەتى لەگەڵ بنەماڵەى بارزانى هەیە و هەرکاتێک بیەوێت دەچێتە لاى مەسعود بارزانى و نێچیرەڤان بارزانى، هەر ئەوانەیش پشتیوانیەکى زۆرى دەکەن، کە خوودى دکتۆر نەجمەدین چەند جار لەگەڵ نوێنەرانى پارتى وتویەتى: سەرۆکى هەرێم پشتیوانى منە و منى سەرپشک کردووە.
خوودى د.نەجمەدین لە بەرنامەیەکى کەناڵى نالیادا دانى بەوەدا کە پرۆژەى بازرگانى گەورەى داوە بە بزنسمانە پارتیەکان، لەگەڵ ئەوەدا نەرمى دەنوێنێ بەرانبەر بەرپرسە سەربازییەکانى پارتى و پەیوەندى لەگەڵیان خۆشە.
ئایا هەموو ئەم شتانە هى ئەوەنین گومان بکەین؟ ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە سەرکردایەتى حزبەکەمان (ی.ن.ک) پێداچوونەوەیەک بەو سیاسەتەدا بکات کە لە کەرکوک پەیرەو دەکرێت؟ ئایا تا کەى سێبەرى پارتى بەسەرمانەوەبێت و بتوانێ خەڵک لەناوماندا بچێنێ؟! تا یەکێتى گیرۆدەى مۆتەکەى رازیکردنى دەستەیەک بێ، جەماوەر رازى نابێ!
*کورى شەهید حەمەکەریم شوانى.