
ووڵات نێت |
سەرکردەیەکی کوردی ناو داعش بەتۆمەتی دزینی پارەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستە لەقەزای حەویجە، سزای گوللەبارانکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کەرکوکەوە بۆ سۆمەرییە نیوز-ی ئاشکراکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١ / ١١، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەرکردەیەکی کوردی دیاری ناو رێکخراوەیان گولـلەباران کردووە.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، ئەو سەرکردە کوردەی ناو چەتەکانی داعش ناوی (ئەحمەد عاسی) بووەو ماوەی چەند مانگێکە کراوەتە دادوەری شەرعی قەزای حەویجەو ناوچەکانی باشوری پارێزگای کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ھۆکاری کوشتنی ئەو سەرکردە کوردەی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەوادەی دەستبەکاربوونییەوە لەو پۆستەی، بڕێکی زۆر پارەی ئەو رێکخراوە دیارنەماوەو لەلایەن دەستڕۆشتووەکانی ناو داعش تۆمەتبارکراوە بە دزین و شاردنەوەی ئەو پارانە.
چەتەکانی داعش لەناوەڕاستی قەزای حەویجە بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەو سەرکردە کوردەی نێو رێکخراوەکەیان گولـلەباران کردووە.
کوشتنی ئەو سەرکردە کوردەی داعش، لەکاتێکدایە ئەو گروپە تیرۆریستە متمانەی بە چەکدارە کوردە تیرۆریستەکان نەماوەو گومانیان لێدەکات لەژێرەوە ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە بکەن، بەو ھۆیەشەوە سەرجەم چەکدارە کوردەکانی ناو داعش، لە بەرەکانی شەڕ لەناوچەی حەمرین دوورخراونەتەوە.