
ووڵآت نێت/
عبدولخالق محەمەد سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی گەنم لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکدا بە SNNی راگەیاند: تا ئێستا تەنھا دوو چەکی بانک-مان پێ گەیشتووە لەلایەن حکومەتی ناوەنییەوە کە ھەریەکەیان پێکھاتبوون لە ١٢ ملیار دینارە، گفتۆگۆشمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری بەغدا کردووە ئەوانیش لەچاوەروانی ئەوەدان پارەیان پێبگات.
سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی گەنم لەپارێزگای سلێمانی وتیشی: کێشەی نەھاتنی چەکی نوێ لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیر نەبوونی وەزارەتی دارایی، کێشەی نەناردنی پارەکەش لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی عێراقیدایە.
ئەوەشی ئاشکراکرد: حکومەتی ناوەند ئەو دووچەکەی کە ناردوویەتی زۆر کەمترە لەپارەی جوتیاران، واتە حکومەتی ناوەند دەبێت ١٥٠ ملیار دینار بنێرێت بەڵام تائێستا ٢٤ ملیاری ناردووە.
تەئکیدیشی کردەوە: کە پارەی گەنمی ھیچ جوتیارێک نافەوتێت ھەرکاتێکیش پارە بگاتە دەستیان سەرجەم جوتیارانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەووروبەری وەریدەگرن، بەڵام کاتی گەشتنی پارەکە نادیارە.