نوێترین

recent

10/09/2014

کورد دەیەوێت بەفشار لەعەبادی بباتەوە

ووڵات نێت |


دوابەدوای بڕیاری بەشداریکردنی کورد لەحکومەتی عیراقدا، بۆچوونی جیاواز لەبارەی چۆنێتی بەشداریکردنەکە دەکەوێتەوەو لایەنە کوردییەکانیش دڵنیانین لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لەماوەی ٣ مانگدا.
بێستوون عادیل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی نوێی عیراقدا لەئاست خواستی کوردو بەتایبەت یەکێتی دا نەبوو، ئێمە چاوەڕوانی شتی باشترو زیاتر بووین، بەڵام پێکھێنانی حکومەتەکەی عەبادی لەژێر فشاری ھەرێمیی و نێودەوڵەتیدا بوو.

 ڕوونیشیکردەوە، لەکاتی متمانەدان بە وەزیرەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، بەشێک لەوەزیرەکان، ژمارەی دەنگەکان کەپێی دەدرا ھەژمار نەدەکرا و ھەر بەڕێدەکرا، ئەگەر ھەژمار بکرایە ڕەنگە بەشێک لە وەزیرەکان دەنگی پێویستیان نەھێنایە.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: وەک یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاری بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی عیراقی بەباش دەزانین، بەڵام ھیچ ئومێدێکمان نییەو ئەو سێ مانگەش وەک دەرفەتدانێکی تر درا بەحکومەتی عیراق بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد.

وتیشی: ھیچ متمانەیەکمان بەحکومەتی عیراقی نەماوە بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی کورد، لەئاکامیشدا دەبێت کورد  جیا ببێتەوەو بڕیاری سەربەخۆیی خۆی بدات.

کاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند : ئەو جۆرە بەشداریکردنەی کورد گرەنتییەکی کۆنکرێتی بۆ کورد بەدەست ناھێنێت، ئەوە نەبێت کە لەماوەی ئەم ٣ مانگەکەدا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی کورد و وەزیرەکان و سەرۆکایەتی کۆمار لە عیراق، کاربکرێت بۆئەوەی فشارێک دروستبکرێت بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە.
ئەو پەرلەمانتارە بەباشیشی دەزانێت ئەگەر کورد وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرێت، پاشەکشە لەحکومەتی عیراق بکات.
راشیگەیاند: بەلای منەوە لەبری بەشداریکردنی مەرجدار لەحکومەت، بۆ کورد باشتربوو ڕێککەوتنێک بکرایە بە زەمانەتێکی نێودەوڵەتییەوە.
ھاوکات بەیار تاھیر ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان،  ڕایگەیاند:" عیراق ناتوانێت ڕۆڵی کورد لەبەرچاو نەگرێت و ئەو ڕێککەوتنەی ٨ / ٩ زەمانەتێکی نێودەوڵەتییە بۆ کورد و ئەگەر لەماوەی ئەو ٣ مانگەدا داواکارییەکانی کورد جێبەجێ نەکرا ئەوا پێویستە لە حکومەتی بەغدا بکشێتەوە.

ھەر لەمبارەیەوە محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: لەئێستادا بڕیاری بەشداریکردنی کورد لەحکومەتی عیراق، زۆر بەناڕەحەت دراوەو سوودی ھەیە.
وتیشی:  دیاریکردنی سێ مانگیش وەک مەرج، بۆ تاقیکردنەوەی حکومەتی عیراقە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085