
ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژ بەڕۆژ پڕۆژەی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن و گرنگییەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، ئێستا زیاتر لە ١٠ پڕۆژەیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیمارات زۆر باشە و ژمارەیەک کۆمپانیای ئیماراتی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لە چەندین بواریش کار دەکەن و گرنگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، ئەوانەی ھەن ئێستا لە بواری کشوکاڵی کار دەکەن و پڕۆژەی گەورەیان لە زاخۆ بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە هەیە و لە داھاتوو جێبەجێ دەکرێت.”
د.محەمەد شوکری وتیشی “جگە لەوەی لە کەرتی نەوت و غاز کار دەکەن، لە سێکتەری کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزاریش کاری وەبەرھێنان و کاری گواستنەوە دەکەن، بەردەوامیش لە پەیوەندی داین بۆ ئەوەی کۆمپانیای زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشین و کاری باشتر بکەن، تا دێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات لە بواری وەبەرھێنان باشتر دەبێت و کارەکانیش زیاتر دەچنە پێشەوە، ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێت زۆرترین کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.”
لەم بارەیەوە بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بەهەمان ماڵپەڕی ڕاگەیاندووە “کۆمپانیاکانی ئیمارات لە سنووری زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵییان ئەنجام داوە، لە بواری وزەش کار دەکەن و وەبەرھێنەریان ھەیە دێن لە بواری دیکە کار دەکەن، ڕۆژ بەڕۆژ پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات لەڕووی ئابووری باشتر دەبێت، ھەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات زۆر گرنگە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت پێویستە ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرھێنەرانی ئیمارات بکرێت بۆ ئەو پڕۆژانەی دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی بدەن.”
بەرگەشت ئاکرەیی وتیشی ، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، سەرمایەشیان دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار و ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەمەش جێگەی خۆشحالیە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات ھەیە، ساڵانە چەند جارێک سەردانیان دەکەین، ئەوانیش ھەرێم بە گرنگ دەزانن و لە ھەموو کۆڕبەندە ئابووری و بازرگانییەکان ھەرێمی کوردستان بانگھێشت دەکەن.”
سرچاوە میدیای خە:ڵك