بڕیاری دادگا و دەستگیركردن دەبێت روون و راشكاو و بێ گرێ و گۆڵ بێت، بڕیاری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید "دوای لێدوانەكەی پۆلیسی سلێمانیش" هێشتا لێڵ و پڕ كێشمەكێش و جێ پرسیارە، بۆچی دوای چەندین ساڵ لە سكاڵا و دادگا ئەمڕۆ دەستگیردەكرێت و بڕیاری دادگای لەسەر جێبەجێ دەكرێت؟
زۆربەی سكاڵاكان هی شەش ساڵ پێش ئێستان، چەندین ساڵە باس لە سكاڵا دەكرێت دژی شاسوار عەبدولواحید، زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە سكاڵا لەدژی لەدادگا وەرناگیرێت، باس لەوە دەكرا بەشێك لە دادوەرەكان نزیكن لە شاسوار عەبدولواحید، دەیان سكاڵای هاوڵاتی لەسەر پشكەكانی چاڤی لاند، لەسەر قەرزو ناوزڕاندن و پەیجی سێبەر هەبووە، هیچ بڕیارێكی لەسەر دەرناكرا، بەڵام ئەمڕۆ و لە نیوەشەودا دەستگیر دەكرێت...!!!؟؟؟
من لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگاو سەروەری یاسام "ئەگەرچی دادگاكان بەروونی دیارن كە سەربەخۆنین و لەژێر هەیمەنەی حزبین، بافڵ تاڵەبانی خۆی دانی پێدانا كە دادگامان نیە لە كوردستان" دڵنیام ئەوە هاوڵاتیانن كە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەكەن و سیاسیەكانن حیسابی بۆ ناكەن، بەشێك لەسەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەو دەردە گرتونیەوە، ناچنە بەردەم دادگاكان، دەبوو شاسوار عەبدولواحید سەرەرای هەمووەتێبینیەكانی لەسەر دادگاكان بۆ هەموو سكاڵایەك بچوایەتە بەردەم دادگاو سڵی نەكردایەتەوە..
ئەگەر چی بیروڕا و بۆچونم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید زۆر جیاوازەو ئەتوانم بڵێم لە زۆربەی بابەتەكان لەگەڵی كۆك نیم قەناعەتم نە بە پرۆژە سیاسیەكەیی و نەبۆچونەكانیەتی، بەڵام دژی ئەو جۆرە گرتن و دەستگیركردنەم بەتایبەت لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن، دەبێت دەستگیركردن روون و ئاشكراو بێ رتووش بێتو دەبێت دادگا بەروونی سكاڵاكان یەكلا بكاتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی كەسەكان....
چەندین جار گفتوگۆم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید كردووە، بە دانیشتنی روبەروو و تەلەفۆن و نامە "چەندین جار لەلایەن پەیجە سێبەرەكانیەوە پەلاماردراوم"، لەزۆر رەئی و هەڵوێست، رامان جیاوازو پێچەوانە بوو، بەڵام من هەرگیز لەگەڵ سزادان و دەستگیركردنی سیاسییانەی سیاسی نیم و دژیم، دژی هەڵكوتانە سەر هەر هاوڵاتیەك و تەنانەت سیاسیەكم...
دەبوایە شاسوار عەبدولواحید زووتر كەیسەكانی یەكلا بكردایەتەوە لە دادگاكان و نەیهێشتایە لەسەری كەڵەكە بن، چونكە سەركردەی سیاسی بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن نابێت لەلایەك لە ململانێی توندا بێت لەگەڵ دەسەڵات و لەلایەك دەیان سكاڵای لە دادگاكان لەسەر كەڵەكەبێت، سكاڵای حكومەت و سكاڵای حزب و سكاڵای هاوڵاتی و سكاڵای قەرزی حكومەت..
یەك سكاڵا نیە لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان لەسەرمان تۆماركرابێت نەچوبێتینە بەردەم دادگا، لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 15 جار چوینەتە بەردەم دادگاكان، "سەرەرای تێبینیش لەسەر دادگاكان".
بەڵام پرسیارە جدییەكە ئەوەیە، چەند سەركردەی یەكێتی و پارتی سكاڵایان لەسەرەو ئەمری گرتنیان هەیەو تەنانەت سزای لەسێدارەدانیشیان بۆ دەرچووە، بۆچی دەستگیرناكرێن؟؟ ئایا هێزە ئەمنییەكان دەتوانن دەستگیریان بكەن، دادگا كان دەتوانن بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەربكەن و سزایان بدەن..؟؟
لەواڵی ڕۆژنامەنووس محەمەد ڕەئووف وەرگیراوە.
