
دوای بڵاوکردنەوەی وتاری (لەگەڵ مام جەلال، خەون و خەمێک) هەندێ کەس و هەڤاڵ بە تەلەفۆن و وەتس ئاپ(WhatsApp)، بە دەنگ، یان نووسین، پەیوەندییان پێوەکردم، هەندێکیان دەیانوت: خوایە قسەکەی کاک دلێری سەی مەجید بێتەدی و هەندێکیش داوای دەکرد باسی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین، کە لە خەونەکەدا بەڵێنم بە رەوانشاد مام جەلال دابوو کە هەوڵی جدی دەدەین بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان.
بەکورتی و بەکوردی، دەیانویست باسی برۆسەی چارەسەرکردنەکەیان بۆ بنووسم و روونی بکەمەوە چۆن چاکی دەکەین؟
منیش لێرەدا هەوڵدەدەم رای خۆم راشکاوانە دەرببڕم، ئەگەر پێکام دوو خێرم پێدەگات و ئەگەر نەمپێکا هەر خێرێکم پیدەگات، وەک تێروانینی مەزهەبی جەعفەری لە ئیسلامدا.
بۆ ئەم مەبەستە چوومە ژووری کتێبخانەکەم و لە بەرامبەری پەیکەرە نیوەییەکەی مام جەلال کە لە تەنشت پەنجەرەکە دانرابوو، دانیشتم و ئەم دێرانە هاتن بە خەیاڵمدا، بە هەردوو پەنجەی ئەسپێکوژەی دەستی راست و چەپم، لە نۆتی(Notes) مۆبایلەکەمدا دەستم بە نووسین کرد، وەک ئەوەی بۆ خودی مام جەلال-ی باس دەکەم وابوو.
سەرەتا دەبێت بە رەخنە و رەخنە لەخۆ گرتن دەست پێبکەین.
لە وڵاتێکی پر لە کێشەی بێ موچە و بێ کارەبا و ئاو، و وشکەساڵی و ناسەقامگیرییدا دەژین و لە قەیرانداین.
لەلایەکەوە یەکریزی و یەکهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆرەپانی هەرێمی کوردستان دەگمەنە، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەوپەڕی خراپیدایە، متمانەی خەڵک بە دەسەڵات نەماوە، لەلایەکی دیکەشەوە دەستێوەردانی دەوروبەر زیاتر بووە، راگەیاندن بە گشتی رۆڵی نەرینی دەبینێت لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا.
ئێمە لە هەرێمێکدا دەژین دانشتوانەکەی نزیکەی شەش ملیون و چوارسەد هەزار کەسە، بەهۆی بێ موچەییەوە بەشی زۆریان لەئاستی هەژاریدان، ئەمە دیوێکی مەسەلەکەیە، دیوەکەی تریشی بە هەزاران کارمەند و کارگوزاری بیانی لە بەشێک لە ماڵان و لە سێکتەری خزمەتکوزاریی شارەکان کار دەکەن، خۆشمان بە دەیان هەزار بێکارمان هەیە، هەروەها،سەرەڕای هەژاریی ساڵانە هەزاران کەس دەچنە دەرەوەی کوردستان بۆ گەشت و بەجێگەیاندنی مەراسیمی ئاینی، ئەمە واقعی حاڵی هەرێمەکەمانە.
بەقسە باوەکەی ناو یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان، ئەی تەکبیر؟ ئەی چارە؟
پێش هەموو شتێک، ئەمەی تێیدا دەژین بە پلەی یەکەم دەرئەنجامی هەڵسوکەوت و سیاسەتی خۆمانە. بەڵام ئایا ئەم بارودۆخە باش دەبێت یان چارەسەری مەحاڵە و ناکرێت؟ ئەمە بۆتە بەشی هەتاهەتایمان و یان هێشتا هەر ئومێد هەیە بۆ رزگاربوون؟
لەڕاستیدا نابێت بێ ئومێد بێن، چونکە لەگەڵ دروستبوونی هەر کێشەیەک، چارەسەرەکردنیشی لە هەناوی خودی کێشەکەدا دروستدەبێت.
ئاشکرایە زۆر جار کێشەیەکی بچووک دەبێتە مایەی قەیرانێکی گەورە، بەپێچەوانەشەوە رەنگە زۆرجار چارەسەکردنی قەیرانێکی گەورە بە هەنگاوی ورد و بچووک دەستپێبکات و چارەسەر بکرێت.
ئێمە لێرەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمرۆی هەرێم، پێوستمان بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و کاری دەستەجەمعی و نەخشەرێگای دوور و نزیک هەیە، بێگومان بە سوود وەرگرتن لە راوێژکارانی دەرەوە و شارەزا و توانا ئەکادیمییەکانی ناوخۆی خۆشمان.
سەرەتا دەبێت لەخۆمانەوە دەستپێبکەین (أبدأ من نفسك ) و خەریکی پەروەردە و پرۆگرامی خوێندنی خوێندنگە و پەیمانگە و کۆلێج و زانکۆکان بین، بەرنامەی چارەسەرکردنی گشت بوارەکانی ژیانمان هەبێت لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگییەوە، وەک چۆن لە سەنگافورە لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و رواندا لە ئەفریقا، بەبێ سەرچاوەی نەوت و گاز دەستیان پێکرد و بینیمان چۆن ئەوان لە وڵاتێکی پر کێشە و هەژارەوە، ئێستا بوونەتە وڵاتیکی پێشکەوتوو، سەقامگیر، پڕ لە خۆشگوزەرانی و ئاشتی.
ئەمەش بە تەمەڵخانە و خۆبەزلزانی ناکرێت، بە لاسایی زەرنەقووتە و بەتەنها پشتبەستنیش بە داهاتی نەوت و گاز ناکرێت و پێویستی بە وەگەڕخستن و هەمەچەشنکردنی دەرامەتی نیشتیمانیی هەیە، بەتایبەت گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتەگوزار . لەڕووی سیاسیشەوە بە چاککردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغدا، بەپێی دەستور و بە کەمکردنەوەی خەرجیی لابەلا و زیادکردن و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکرێت.
ئێمە گرنگە وەک بەشێکی شیعە نەبین، کە بڕوایان وایە چەند گەندەڵی و نادادپەروەری لە کۆمەڵگەدا بڵاوببێتەوە، ئەوەندە زووتر ئیمامی مەهدی مونتەزەر دەردەکەوێت، ئینجا ئاشتی و یەکسانی و خۆشکوزەرانی بەرقەرار دەبێت. بێگومان کورد میللەتێکی قارەمان و فیداکارە، زۆر هەڵبەز و دابەزی بینیوە، ئەمجارەش دەتوانێت هەڵبسێتەوە، بەڵام بەمەرجێک سەرکردایەتییەکی ژیر و باوەڕپێکراو و شایستەی خۆی هەبێت، راستە زۆربەی لێپرسراوێتی ئەم بارودۆخەی هەرێم لە ئەستۆی سەرکردایەتی باڵادەستی کوردستانە، بەڵام خەڵکیش بێبەش نییە لە بەرپرسیارێتی، چونکە هەر ئەوانن لە هەڵبژادنەکانی پەرلەماندا دەنگ بە هەندێ لایەن دەدەن کە دۆخی کوردستانیان گەیاندۆتە ئەمرۆ.
لەوادەی ئەم نووسینەی سەرەوەدا، بەرامبەر دادگای ویژدانی خۆم بە تەنیا لە ژوورەکەمدا دانیشتبووم، بیرم لە رابردوو، داهاتووی کوردستان دەکردەوە، ئەو دۆخە بە تەواوی بێتاقەتی کردبووم و مەڵاقم وشک بووەوە، هەستم دەکرد زۆر تینوومە، لەپڕدا دەرگای ژوورەکەم کرایەوە و (شا)ی هەشت ساڵەی کوڕەزام، پەرداخێک ئاوی بە دەستەوە بوو، وتی: باوکە ئەم پەرداخە ئاوە ساردەم بۆ هێناوی، منیش ماچ و سوپاسم کرد و ئاوەکەم خواردەوە و ئاهێکم هەڵکێشا، سەرنجم لەسەر پەیکەرەکەی مام جەلال وەستایەوە، ئەمجارەیان وتم: گەشبینم کە ئەزموونی تۆمان هەیە، بۆیە پشت بەخوا ناسرەوین هەتا ئەم دۆخە چارە دەکەین و سەردەکەوین.