دیسانەوە هەژماری من،
«جارێ نان نییە، کەچی عەزیز داوای کولێرە دەکات! »
ئێستاش دەڵێم؛ هەژماری من پرۆژەیەکی نیشتیمانیی تۆکمە نییە بۆ بە بانکیکردنی مووچە، پرۆژەیەکی حزبی، سیاسیی، بازرگانییە. بەڵام هیچ کات نە بە پەیامی گشتی و نە بە نامەی تایبەت بە هیچ کەسم نەگووتوە هەژماری من پڕ مەکەنەوە! هەمیشە پێم وابووە دواجار ئەو پرۆسەیە کردنەوەی حسابێکی بانکییە و سەرکەوتن یان کەوتنی پەیوەست نییە بە فەرمانبەرەوە پەیوەستە بە دەسەڵات خۆیەوە.
چارەسەری ستراتیژی لای من بۆ مووچە لە ٢٠١٥ ەوە تا ئێستا ئەوەیە « مووچە لە سەرتاسەری عێراقدا لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوەیەوە یەکبخرێ و دابەشکردنی بە تەواوەتی ئیشی بانک بێت نەک وەزارەت»
پێش هەموو کەسێکیش کەین و بەینی نێوان بەغدا و هەولێرم لە تیڤییەوە باسکرد بۆ ملبادانی بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی، گوتومە : تۆمارکردنی بانکە کەسی و حزبی و عائیلیەکانی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق لە پێناو گونجاندنی هەژمارە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا، هیچ کاتیش نەمگوتووە سەرناگرێت لە گەرمەی ئەو کاتانەشدا کە هەندێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیان ناشت.
لەم کۆتا جارەشدا کە مووچە بۆ سێ مانگ کەوتە قوڕگی نەهەنگەوە کاتێک گوترا بەغدا مەرجی توطینی هەیە ، پێم وایە تاکە دەنگ و تاکە کەس بووم کە لەتیڤییەوە گوتم مەبەستی بەغدا هەر هەژمارە نەک توطین بە مەفهومە نیشتیمانییە تۆکمەکەی، جا ئەوانەی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن شتی تر دەڵێن کات راستی قسەی منیش و ئەوانیش یەکلایی دەکاتەوە.
کێشەی بەرپرسانی ئەم حکومەتە ناشەرعیەی هەرێم زۆر زۆرە، هەرە دیارەکەیان ئەوەیە پاش ئەو هەموو شکست و دۆڕاندنەی بە تایبەتی کە لە دۆسێی داهات و مووچەدا بەسەر خەڵکی هەرێمدا هێناویانە هێشتا ڕوویان هەیە باسی هەژمار بکەن!بابە ئێوە جارێ مووچەکە دابین بکەن خوای دەکرد لە قوتوو و تەنەکەدا دابەشتان دەکرد، ئێوە وەرزێکی تەواوە، بە سێ مانگ مووچەیەکتان داوە، هەژماری چی و تەڕەماشیی چی؟!
جارێ نان نییە، کەچی عەزیز داوای کولێرە دەکات!
باسی «پۆپۆلیزم» دەکەن، دەسەڵات لەم هەرێمەدا ڕووی هەرچی پۆپۆلیزمە لە دونیادا سپی کردۆتەوە ، ئەصڵەن میدیای داناوە بەس بۆ درۆ ، تۆپخانەی درۆی داناوە بۆ وێرانکردنی مێشکی هاوڵاتیان، دەتوانم لانیکەم ١٠ درۆی زۆر گەورە بژمێرم کە بە فەرمی بەناوی هەژمارەوە لەگەڵ خەڵک کرا و هیچیان تا ئەم لەحزەیە ڕاست دەرنەچوون!!
لە دڵەوە حەز دەکەم هەرێم ببێتە خاوەنی باشترین سیستمی بانکی، بەڵام ئەوە بە عەقڵ و فکرێکی فراوانی نیشتیمانی دەکرێ نەک بە عەقڵی ئایدیۆلۆژی حزب بۆ گیرفانسازی کەسی و خێزانی! وەک چۆن سیاسەتی نەوتتان خستە خزمەتی خۆتانەوە نەک خەڵک، سیاسەتی بانکیش هەر وا لێدەکەن!
من لە سۆنگەی حزبایەتی و کاندید بوونیشەوە ڕەخنە ناگرم چونکە نە حزبیم و نە کاندید، هەر شتێک بۆ خەڵک و خاکی هەرێم باش بێت لای من جێگای دەستخۆشییە، بەس من بڵێم چیی کە دەسەڵات لەم هەرێمەدا گیرفانی خۆی لا بووە بە خاک و خەڵکی لا بووە بە پارە!
قسە هەزارە دوانی بەکارە، ئێوە داهاتی ناوخۆ بە رێک و پێکی بگێڕنەوە و نەوت ڕادەست بکەن و بەهانەی بڕینی مووچەی خەڵکی هەرێم مەدەنە دەست حکومەتەی فوئاد حسێن، رۆژ هەتا ئێوارە بە شان و باڵی هەژماردا هەڵبدەن دەڵێین کەمتان گوتووە!کەی نان هەبوو ئەوجار داوای کولێرە بکە، باشە عەزیز گیان!