
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقيان كردوە بۆ تێگەیشتن لەكێشەی موچەو دەشلێت،"بەوتەی سودانی موچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی نییەو ئەمشەو تابەیانی حەل دەبێت".
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" سەرۆك وەزیران ڕونیكردەوە كە موچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی تێدا نییەو ئەمشەو تا بەیانی حەل دەبێت".
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد،"سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی لەسەر موچەی مانگی شەش و حەوت لەگەڵ هەرێم رێككەوتوین ئەگەر هەرێم پابەندبێت بەو ڕێككەوتنەی كردومانە، موچەی مانگەكانی تریش دەنێرین".
لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕاشیگەیاند،" ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت و داهاتی ناوخۆ تەسلیمی بەغداد نەكات شتەكان تێكدەچنەوە".
لەبارەی تەوتینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیشەوە، شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەکرد،" سەرۆك وەزیران وتی لە بابەتی تەوتینی موچەدا تۆزێك نەرمیمان نواندوە".
لە درێژەی بەقسەكانیدا شاسوار عەبدولواحیدوتی،"سەرۆك وەزیران بەحكومەتی هەرێمیان وتوە ئێوە 42 هەزار بەرمیل نەوتتان پێویستە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی؛ بۆ بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەكان، ئێوە ئەو 42 هەزار بەرمیلەمان پێ بدەن ئێمە بەنرخی بەغداد بەنزین و نەوتتان پێدەدەین، واتا لەهەرێمیش لیترێك بەنزین دەبێت لە 450 دینار، بەڵام هەرێم رازی نەبوە".
سەرۆكی جوڵانەوەكە جەختیش لەوەشكردەوە، سودانی پێی ڕاگەیاندون،" ئەگەر نەوت نەڕوات و قەزاو قەدەر هات، ئێمە موچەی موچەخۆران نابڕین، بەڵام ئەگەر نەوت بڕوات لیژنە ئەنێرین، هەموو دوو هەفتە جارێك لیژنە دەنێرین بۆ سنورەكان و بۆ پاڵاوگەكان و بۆ كێڵگە نەوتییەكانیش ".