نوێترین

recent

26/07/2025

وەزیری ڕۆشنبیری، لەسەر قەدەغەکردنی زمانی کوردی هاتە دەنگ.


 





وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی دژ بە بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق تایبەت بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی زمانی كوردی لە زانكۆكانی كەركوك و موسڵ و دیالە دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت: بڕیارەكەی پێچەوانەی دەستوور و یاسایەو دەبێ بەرپرسانی دەركردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكرێنەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ی ڕۆژی 16ـی تەمموزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، كە ئاراستەی زانكۆكانی مووسڵ، كەركووك و دیالەی كردووە، فەرمانیكردووە، پرسیاری تاقیكردنەوەكان نەكرێنە كوردی.

ئاماژە بەوەشكراوە، دەركردنی ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە، بە گوێرەی ماددەی (4)، بڕگەی یەكەمی دەستووری عێراق، زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا.

وەزارەتی رۆشنبیری جەختی لەوەكردووەتەوە كە ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەكان و ناوەڕۆكی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە زمانە ڕەسمییەكانی عێراقە، كە لە ژمارە (4311)ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاوكراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساكەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی كوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا.

وەزارەتەكە وێڕای ئیدانەكردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواشی لە دامەزراوە دەستوورییەكانی عێراق كردووە، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێكی نادەستووری لەو شێوەیە بكەن و بەرپرسانی دەركردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكەنەوە.

بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، كاردانەوەی توندی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە، هەر ئەمڕۆ نوسینگەی راگەیاندنی، وەزیری داد-ی حكومەتی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، خالید شوانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری خویندی باڵای فیدراڵ، تاوتووێی كێشەی دوا نوسراوی وەزارەتی خوێندی باڵایان كرد كە تایبەت بوو بە ئیعتمادكردنی تەنها زمانی عەربی لە تاقیكرنەوەكانی زانكۆی كەركوك و زانكۆكانی تر و قەدەغەكردنی تەرجەمەی پرسیارەكان وڵامدانەوە بە زمانی كوردی. وەزیری خۆێندنی باڵای عیراق بڕیاری چارەسەركردنی كێشەكەی دا و تاقیكرنەوەكان بە هەمان میكانزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچێت.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085