نوێترین

recent

03/07/2025

میدیای پارتی:خەرجکردنی مووچە لەسەر بڕیارێکی سوودانی ماوە.


 





مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ شەو بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسیان لەو وردە ناکۆکیانە کردووە کە بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بووە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ناوخۆ.

 هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیش گەیشتوونەتە سیغەیەکی هاوبەش بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت. ئێستا ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە خراوەتە بەردەم سوودانی، تاوەکو ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و واژۆی بکات.

بڕیارە ئەمشەو لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بکرێت لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و نوێترین پێشهاتەکان و بڕیاریشە پرسی مووچەی کوردستان تاوتوێ بکرێت.

ئەگەر ئەمشەو کۆبوونەوەکە نەکرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی پێنجشەممە یان ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی سەرجەم لایەنە شیعەکانی بەشدار لە حکومەتی عێراق دەگرێتەوە، لەوانە سوودانی، نووری مالیکی، قەیس خەزعەلی، هادی عامری، عەمار حەکیم.

بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا بە ئاڤای گوت: لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و مووچەی خەڵکی کوردستان باس دەکرێت و قسەی کۆتایی لەسەر دەکرێت. ئەو ڕێککەوتنەی کراوە سوودانی لەگەڵ خۆی دەیباتە سەر مێزی گفتوگۆ.
سوودانی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە پشتیوانییە، بۆیە دەیەوێت بۆچوونی سەرجەم سەرکردە شیعەکان وەربگرێت ئەوانەی لە حکومەت بەشدارن، ئینجا بڕیار بدات رێککەوتنەکە واژۆ بکات.

: عەلی فەتلاوی، یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەکە بە ئاڤای گوت: کۆبوونەوەکە گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبێت و  پێشنیازی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

فەتلاوی دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە و هیچ نیازێکیان نییە ئەم هەناردەیە ڕابگرن، بەڵام بەپێی چەند مەرجێک کە لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و ڕێککەوتنیان لەسەر دەکرێت". سوودانی چەندین پێشنیاز و بیرۆکە لەگەڵ خۆی دەهێنێت بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و ڕێککەوتن.

ئاڤا ڕۆژانی ڕابردووش بڵاوی کردەوە ناردنی مووچە لەسەر ئەم ڕێککەوتنە ماوە و بەغدا هەناردەکردنەوەی نەوتی کردووەتە مەرجی ناردنی مووچە.

پپێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی کوردستان بە ئاڤای گوت: ناردنی مووچە تەنیا لەسەر واژۆی سوودانی وەستاوە و ئەگەر نییەتێکی جدی هەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەزووترین کات مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت.

لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا کە هەردوو شاندی حکومەتی کوردستان و عێراق لە گفتوگۆدابوون، مەسرور بارزانی  بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووە. تەنانەت مەسرور بارزانی وەکو نیەتپاکی بەبێ ڕێککەوتن ئامادەیی دەربڕیوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە و ڕۆژانە لە هەناردەکردنی 50 هەزار بەرمیلەوە دەست پێبکات بەبێ گفتوگۆ تا بەرھەمھێنان وەکو خۆی لێ دێتەوە. ڕاشیگەیاند حکومەتی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە 50%ـی داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085