نوێترین

recent

25/07/2025

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم: موچەخۆرانی سلێمانی، باجی هەڵمەتی ساختەی کەسانێکی دژی هەژماری من,دەدەن!

 






جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مه‌سرور بارزانى سەرۆک وەزیرانی هەرێم، سه‌باره‌ت به‌شێوازى وه‌رگرتنى موچه‌ له‌لایه‌ن موچه‌خۆران‌و فه‌رمانبه‌رانى سنورى سلێمانیه‌وه‌ هێرشێكى توندى ده‌ستپێكردو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "موچەخۆرانی سلێمانی، باجی هەڵمەتی ساختەی کەسانێک دەدەن کە دژی هەژماری من بون".

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویه‌تى، "هەندێک لەئەندام‌و سەرۆکی حزبەکان، دژی موچەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە بون، ئەم کەمپینانەی ئەوان بوە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە".

ده‌شڵێت:"کەسانی وەک؛ سروە عەبدولواحیدو شاسواری برای، هەروەها غالب محه‌مه‌د، عەلی حەمەساڵح، ئەحمەد حاجی ڕەشید‌و هۆشیار عەبدوڵڵا، دژی موچەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من دەوەستانەوەو بەشێوەیەکی بەرفراوان کەمپینیان لەدژی ئەنجامدەدا".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەوکەسانە هەڵدەستان بەبڵاوکردنەوەی چەندین زانیاریی ساختە کە دواتریش ڕاست دەرنەچون، سەرەڕای ئەمەش زۆرێک لەخۆیان‌و ئەندامانی حزبە سیاسییەکانیان، بەبێدەنگی خۆیان لەپڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردوەو ئێستا سودمەندن لەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "ئەم کەمپینانەی ئەوکەسانە بونە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی هەژماری من، بەتایبەت لەناو چینی خانەنشینان، مامۆستایان، پزیشکان‌و هێزەکانی پۆلیس، کە وایکرد بێبەشبن لەئاسودەیی دەرونی، تەندروستی‌و کاتیشیان بکەنە قوربانی ئەم کەمپینە ساختانە".

له‌كۆتاییدا عەزیز ئەحمەد وتویه‌تى، "هاوڵاتییان باجی هەڵمەتێکیاندا کە ئەم کەسایەتییانە هەرگیز خۆشیان بەتەواوەتی

باوەڕیان پێنەبوو، ئەوان هاوڵاتییانیان بەهەڵەدا برد، کێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات؟".

Picsart-24-02-23-21-31-09-085