پرۆژەی رووناكی نییە، پرۆژەی قۆڵبڕین و برسیكردنی خەڵكە
🔻 پرۆژەی رووناكی هیچ ئەدرەس و ئۆفیسی نییە! ئەمە جێی گاڵتەجاڕییە
🔻 كارەبای 24 كاتژمێریی 9 قات نرخەكەی زیادكراوە، هیچ لایەنێكی سیاسیش دەنگی لێوەنایەت
🔻 نزیكەی نیوەی بەشداربوان 3 مانگە پسولەیان بۆ نایەتەوە، ئەمە بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزایەتیەكانە
🔻 ئەم مانگە نرخی ئەمپێری مولیدەیان بەجۆرێك زیادكردووە، تا خەڵك مەمنون بن بەنرخەكەی حكومەت
.
✍ سەرتیپ جەوهەر
بەناوی كارەبای 24 كاتژمێریی، سێكتەری كارەبایان داوەتە كۆمپانیا بەجۆرێك نرخی كارەبایان 9 قاتی جاران زیادكردووە! ئەوەی پسولەی كارەبای بۆهاتۆتەوە هاواری لێهەستاوە، چونكە بەهیچ دەرەقەت ئەو گرانیە نایەت. بەداخەوە هیچ لایەنێكی سیاسیش بەڕەسمیی دەنگی لێوەنایەت.
تەماشا، بۆئەوەی گرانكردنی كارەبا داپۆشن، ئەم مانگە نرخی ئەمپێری مولیدەیان بەجۆرێك گرانكردووە، كورد وتەنی مردنیان بەخەڵك پێشانداوە، تا زۆر مەمنون بن بە(تا)یێ! لەوە خراپتر، بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایی بەیەكجار بەرزنەبێتەوە، نزیكەی لە 50%ی بەشداربووانی كارەبای 24 كاتژمێریی نزیك 3 مانگە پسولەیان بۆ نەناردوونەتەوە.
لەهەمووی سەیرتر، ئەمڕۆ بۆ سێیەم جار پەیوەندیم بەو ژمارەیە كرد كە بەناوی پرۆژەی رووناكی دایانناوە. كارمەندێك بەڕێزەوە وڵامی دامەوە، گوتم كاكە من ماڵم لە 32ی پارەكە، 3 مانگە من و دراوسێكانم پسولەمان بۆ نایەتەوە، دەمەوێ هۆكارەكەی بزانم و ئەوە سێیەمجاریشە پەیوەندی دەكەم، ناكرێت ئێوە هەرجارە وڵامم نەدەنەوە، بۆیە دەمەوێ موراجەعە یان سەردانی ئۆفیس یان دائیرەكەتان بكەم، لەوڵامدا گوتی "ئێمە شوێنمان نییە!" ئەو وڵامەم بەلاوە زۆر پێكەنیناویی بوو، چونكە جێی گاڵتەجاڕییە! چونكە ناكرێت پرۆژەیەكی ئاوا گەورە ئەدرەس و جێگەی نەبێت هاوڵاتیان موراجەعەی بكەن؟ لەوە خراپتر، دوای كەمێك یەكێكی دیكە تلفۆنی بۆ كردمەوە گوتی كاكە سەعاتی كارەبایەكەت كێشەی هەیە نایخوێنێتەوە، گوتم كاكە خۆ هەر هی من نییە، نیوەی كۆڵانەكەمان ئەو گرفتەیان هەیە، یعنی چی نایخوێنێتەوە؟ هیچ وڵامی نەبوو..
بەكورتی ئەم پرۆژەیە لەبری پرۆژەیەكی دیراسەكراو بێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجی كارەباو رووناككردنەوەی كوردستان، بۆتە پرۆژەیەكی بارگران و بۆتە پرۆژەیەك بۆ قۆڵبڕینی خەڵك، بۆ برسیكردنی زیاتری خەڵك. ئەوەی زۆر خراپە، هیچ لایەنێكی سیاسیش دەنگی لێوەنایەت.
.
