پێوەرەکانی سەرکەوتن
مقداد کانی توویی
مرۆڤ ، حیزب ، حکومەت یان هەر کۆمەڵەیەک یاخود دەستەو دامەزراوەیەک کە لەکایەی ژیانی سیاسی یان ڕێخراوەیی یان ئیدارەو حکومڕانیدا یان زانست و فکر یان هەر مەیدانێکی تردا کار دەکات بۆ گەیشت بە ئامانجێک یان چەند ئامانجێکی دیاریکراو یاخود بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتی یان گشتییەکان ، گەیشتن بەئامانجەکان یان بەشێکی ئامانج و بەرژەوەندییەکان پێوەرن بۆ دیاریکردنی سەرکەوتنی تەواوەتی یان ڕێژەیەک لەسەرکەوتن ، واتا سەرکەوتن شتێکی ڕێژەییەو پێوەری تایبەتی خۆی هەیە تا بەو پێوەرانە سەرکەوتن بپێوین و ڕاددەکەی دیاری بکەن ؛ بەواتایەکی تر گەیشتن بەهەر شوێنێک یان شتێک بەسەرکەوتن هەژمار ناکرێت ، بەڵکو گەیشت بەو شتانە یان ئەو شوێن و ئاستانە کە خۆت دەتەوێت یان ئامانجتە بەسەرکەوتن دادەنرێن .
سەرکەوتن بەپێوەری میزاج و ڕق و سۆز دیاری ناکرێت ، بەڵکو بە ئەقڵ و مەنتق ، بە ئەنجام و بەرهەمی کارەکان یان تێکۆشان و هەوڵەکان دەپێورێن .
لەکوردستان کەسەکان ، حکومەت و دامەزراوەکان ، یان گروپەکان و بنەماڵەکان ؛ کەمجار هەیە پێوەری لۆژیکی بەکار بێنن بۆ دیاریکردنی سەرکەوتنەکان ، بەڵکو پێوەری حیزبی یان شەخصی و تاکەکەسی بەکاردێنن ، هەر بۆیە سەرکەوتن و شکست تێکەڵکراوەو ناتوانرێت وا بەئاسانی لێک جیابکرێتەوە ، نازانین لەچیدا سەرکوتووبووین و چیمان دۆڕاندووە !
ئەگەر بەنمونە ڕیفراندۆم وەربگرین دەبینین بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ئێمەی کورد لەم هەرێمەدا گەورەترین زیانی ماددی و مەعنەویمان بەرکەوت ، زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا ، بێ ئەوەی بچووکترین دەستکەوت بەدی بێنین یان ئامانجێک بپێکین ، کەچی کەسانێک هەن ڕۆژانە بەموناسەبەو بێ موناسەبە دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ڕیفراندۆممان بۆ دەژمێرن !! یان لە ئابوری سەربەخۆو بە سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتدا جگە لە قەیرانی ئابوری و دواکەوتنی مووچەو پاشەکەوتی مووچەو لێبڕینی مووچەو وەستانی چەندین ساڵەی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و بێکاری و بێ بازاڕی و وەستان و لەکارکەوتنی هەزاران پڕۆژەی جۆراوجۆرو وەستانی ڕەوتی گەشەکردنی هەمەلایەنەی وڵات و چەندان کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی کە هەر بەرهەمی ئەو ئابورییە بەناو سەربەخۆیەبوون هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبوو کەچی کەسانێک بەردەوام بەشان و باڵی سەرکەوتنی ئابوری سەربەخۆدا هەڵیان دەدا ، کاتێکیش ناچارکراین دەستبەرداری ئابوری سەربەخۆو فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بین و هەمووی لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەش بە بەغدا بکەین ( ئەو بەغدایەی پێشتر تەڵاقمان دابوو ) کەچی هەمان ئەو کەسانە هاتوون ئەمەشیان هەر بەسەرکەوتن و دەستکەوت بە میللەت دەفرۆشنەوەو خۆیان وەک پاڵەوانی ئەو سەرکەوتنانە دەناسێن !! بەڵام شکور میللەت هۆشیارەو دەزانێت سەرکەوتن و شکست لێک جیابکاتەوەو پاڵەوانەکان و بەزیوەکان دەناسێتەوە .
