نوێترین

recent

06/09/2024

روونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر.

 


راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی مەلا بەختیاریش نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا درێژە بە کارەکانی بدات، بۆیە یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات".


دەقی روونکردنەوەی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

‏‎دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەكە رادەستناكرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەكێتیدا درێژە بە كارەكانی بدات، یەكێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە هەموو جۆرە گرژییەك، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی. ئەم هەوڵەش نەك پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیكردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و فراوانكردنی سنوورەكانی دیموكراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێ کەهەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە. ئەم هەوڵەی یەكێتیش درێژكراوەی هەوڵەكانی حزبەكەیە بۆ رێكخستنەوەی دەزگاكانی و باشتر خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەی. هەموو دەنگۆیەكیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەكەینەوە.

‏‎بەداخەوە میدیای باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵی نەزۆكانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی كاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاكوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریكەكانی هەولێر و بادینان ئازادبكەن. سلێمانی پێویستی بە فرمێسكی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵكو ئێوەن دەبێت وانەكانی ئازادی و دیموكراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.







Picsart-24-02-23-21-31-09-085