نوێترین

recent

21/06/2024

دۆناڵد ترەمپ :،ڕووسیا لەسەر حەقە!

 


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کە لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سەربازیی ڕووسیا، ملیۆنان دۆلاری لە ئەمریکا وەرگرتووە، نیگەرانە لە ئەگەری گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی.

دۆناڵد ترەمپ لە دوایین لێدوانەکانیدا نیگەرانییەکانی زێلینسکی زیادکرد، لە چاوپێکەوتنێکدا ترەمپ بە ڕوونی دژایەتی خۆی بۆ ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەربڕی.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی داهاتووی ئۆکرانیا لە ناتۆ و سیاسەتەکانی لەوبارەیەوە هەڵەن.

ترامپ هەروەها باسی لە نیگەرانییەکانی ڕوسیا کرد سەبارەت بە ئەگەری بوونی هێزەکانی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی و وتی: ئەگەر من ڕووسەکان بومایە هەرگیز دڵخۆش نەدەبووم و ئەم بابەتە (ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ) جێگای گفتوگۆ نییە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ترامپ گاڵتەی بە زێلێنسکی کرد کە یارمەتی دارایی زۆری لە واشنتۆنەوە وەرگرتووە و بە "باشترین فرۆشیاری جیهان" ناوی بردووە.

ئەو ڕەخنانەی ترەمپ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی درێژخایەن لە نێوان واشنتۆن و کیێڤ و پەسەندکردنی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا لە کۆنگرێسی ئەمریکادا هات.

وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەم دواییانەدا پلانێکیان پەیڕەو کردووە، ئەویش ئەوەیە کە " بەرپرسیارێتی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، کە لە دەستی ئەمریکایە، بگوازنەوە بۆ دەستی ناتۆ.

ئەمەش لەو نیگەرانییەوە دێت کە ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا ڕاگرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ترامپ بە لێدوانەکانی سەبارەت بە مۆسکۆ نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتانی رۆژائاوا کە پشتیوانی ئۆکرانیان خستەڕوو.

هەروەها چەندین جار بووە هۆی ناڕەزایی زێلێنسکی، بەوەی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "توانای وەستاندنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ماوەیەکی کورتدا هەیە و ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەدیدەهێنێت."

Picsart-24-02-23-21-31-09-085